رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لە پابەندبوونی واشنتن بە چەسپاندنی ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. ترەمپ مژدەی دابەزینی نرخی نەوت و بووژانەوەی بازاڕەکانی دا و رایگەیاند کە چاوەڕێی ئاگربەستێکی گشتگیر لە هەموو بەرەکانی شەڕ دەکەن، لەوانەش بەرەی لوبنان و ئیسرائیل.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، ئەمریکا بە تەواویی پابەندە بە بەدیهێنانی ئاشتیی لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد کە پابەندیی ئاگربەست و ئاشتیی بن تاوەکو دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرەو پێش بچن.
گەشەی بازاڕ و دابەزینی نرخی نەوت
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد هەواڵەکانی رێککەوتن رەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر بازاڕە داراییەکان هەبووە. ترەمپ گوتی: "بازاڕەکان ئەوەیان بە دڵە کە روودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانیش زۆر بەرز بوونەتەوە."
داوای ئاگربەست لە هەموو بەرەکان
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە واشنتن چاوەڕێی ئاگربەستێکی تەواوەتیی و گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ دەکات، بە تایبەتیی لە لوبنان، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ لە هەموو ئەو شوێنانەدا شەڕ رابگیرێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە واشنتن و تاران لە واژۆکردنی فەرمی یاداشتنامەی ئیسلامئاباد نزیک بوونەتەوە.
بڕیارە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026 رێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەبچێت تاوەکو بڵاچەی شەڕ لە ناوچەکەدا بکوژێتەوە.
دەقی پەیامەکەی ترەمپ
"ئەمریکا پابەندە بە ئاشتیی، و هانی هەمووان لە نێوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین کە پابەندیی ئاگربەست و ئاشتیی بن تاوەکو دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرەو پێش بچن. بازاڕەکان ئەوەیان بە دڵە کە روودەدات؛ نرخی نەوت زۆر دابەزیوە و پشکەکانیش زۆر بەرز بوونەتەوە. ئێمە چاوەڕێی ئاگربەستێکی تەواوەتیی لە هەموو بەرەکان دەکەین، لەوانەش لوبنان، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. سوپاس بۆ سەرنجدانتان بۆ ئەم بابەتە!"



