رووداو دیجیتاڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند و راشکاوی دایە ئەندامانی کابینەی حکومەتی ئیسرائیل و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ تاکە دۆستی راستەقینەی ئیسرائیلە لە جیهاندا و کارێکی "ناژیرانەیە" دژایەتیی رێککەوتنەکەى واشنتن و تاران بکەن. رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لە لایەن وەزیرە راستڕۆکانی ئیسرائیلەوە لە رێککەوتنەکەی ترەمپ و ئێران گیراون. ڤانس گوتی، "دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکە لە هەموو جیهاندا کە لەم ساتەدا هاوسۆزی ئیسرائیل بێت، ئەو سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهانیشە. ئەگەر من لە نێو کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بوومایە، هێرشم نەدەکردە سەر تاکە هاوپەیمانە بەهێزەکەم، کە لە جیهاندا تەنیا ئەوم بۆ ماوەتەوە". جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە زمانێکی هەڕەشەئامێز داوای لە بەرپرسانی ئیسرائیل کرد واقیعبین بن و گوتی، "ئیسرائیل دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە دوو لەسەر سێی ئەو چەکە بەرگرییانەی پارێزگاری لە نیشتمانەکەیان دەکەن، بە دەستی ئەمریکییەکان دروستکراون و بە پارەی باجدەرانی ئەمریکی کڕدراون". ڤانس جەختی کردەوە کە کێشەی ئیسرائیل دۆناڵد ترەمپ نییە و گوتی، "هەر کەسێک لە ئیسرائیل وا بیربکاتەوە کە گەورەترین کێشەیان سەرۆکی ئەمریکایە، پێویستە بەئاگا بێتەوە و بزانێت واقیعی وڵاتەکەی چۆنە". نەتەنیاهوو لەنێوان گوشارى ناوخۆ و واشنتندا ئەو لێدوانانەی ڤانس دوای ئەوە دێن کە راپۆرتەکان ئاماژە بە تووڕەیی بنیامین نەتەنیاهوو و هاوپەیمانە سیاسییەکانی دەکەن لەبارەی رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد. هەریەک لە بێزالێل سمۆتریتچ و ئیتمار بن گڤیر، وەزیرە توندئاژۆکانى کابینەکەی نەتەنیاهوو، بە ئاشکرا هێرشیان کردووەتە سەر ترەمپ و نێردەکانی. لە بەرامبەردا، نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە هەوڵیدا دۆخەکە هێور بکاتەوە و رایگەیاند کە پێویستە حکومەتەکەی "ئارام بێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە گرنگەکەی لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکان بپارێزێت." بەڵام نەتەنیاهوو جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل لەو ناوچانەی باشووری لوبنان ناکشێتەوە کە داگیری کردوون، تاوەکو ئەو کاتەی گەرەنتییەکى ئەمنییان دەبێت. گرێکوێرەی لوبنان یەکێک لە سەرەکیترین خاڵى ناکۆکی، پرسی جەنگە لە لوبنان. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران جەخت لە وەستاندنی جەنگ لە هەموو بەرەکان دەکاتەوە، لەوانەش لوبنان. ڤانس رایگەیاند، واشنتن چاوەڕوانە حیزبوڵڵا هێرش نەکات، بەڵام چاوەڕوانیشە ئیسرائیلییەکان لە لوبنان "بە شێوەیەکی شێتانە" رەفتار نەکەن. ڤانس گوتی، "ئیسرائیلییەکان دەبێت رێز لەم پرۆسەی ئاشتییە بگرن". تەنیا رۆژێک پێشتر، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە شێوازی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل گرتبوو و گوتبووی، "هەر کاتێک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن، باڵەخانەیەک دەڕووخێنن". دوای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی ڤانس، ترەمپ لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەمووان کرد رێگە بدەن رێککەوتنەکە سەرکەوتوو بێت و گوتی، "چاوەڕێی ئاگربەستێکی تەواوەتی لە هەموو بەرەکان دەکەین، لەوانەش لوبنان، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل". ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان کە بڕیارە سبەی هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، مەراسیمی فەرمیی واژۆکردنی یاداشتنامەی ئاشتی لە شاری جنێڤ لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
جیهان18-06-2026ترەمپ: چاوەڕێی ئاگربەستێکی گشتگیر دەکەین؛ بازاڕەکان بەهۆی هەوڵەکانی ئاشتییەوە گەشەیان کردووە