رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەپڵ ئەو ئایفۆنانە لەکاردەخات کە لە لەلایەن خۆپێشاندەرانی فەرەنساوە دزراون.
رۆژی چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیای فەرەنسا و ژمارەیەک هەژمار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە مۆبایلێکی دزراوی ئایفۆنی تێدا دەردەکەوێ. بە گوێرەی دیمەنەکان، مۆبایلەکە لە فرۆشگایەکی ئەو وڵاتە و لەلایەن خۆپێشاندەرێکەوە دزراوە و لەسەر شاشەکەی نووسراوە: "ئامێرەکە لەکارخراوە و شوێنپێی هەڵدەگیرێ".

بە گوێرەی بەرپرسانی فەرەنسا، پێشبینی دەکرێ زیانە بیمەکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکە بگەنە نزیکەی 1.2 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا سێ هەزار فرۆشگە تێکدراون یان تاڵان کراون. زیانە بیمەکراوەکان ئەو زیانانە دەگرێتەوە کە بەر شوێنە بازرگانی و تایبەتەکانی ئەو وڵاتە گەیێندراون.
خۆپێشاندانی قوتابییان لە مانگی ئەیلوولەوە لە سەرانسەری فەرەنسا دەستیپێکرد و تێیدا داوای کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابییان لە پۆلەکان، زیادکردنی مامۆستا، کەمکردنەوەی کاژێرەکانی خوێندن و نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکانیان کرد.
دواتر ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بوون و مامۆستایان، دایک و باوکان و سەندیکاکانیشی گرتەوە کە دژی هەڵاوسان و گرانیی ژیان چوونە سەر شەقام. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەدان هەزار کەس لە گەورەترین خۆپێشاندان لە دوای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کرد.
لە کاردانەوەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکاندا، دوێنێ سێباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، لە هەر شوێنێک پێویست بکات قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە لانیکەم 24 قوتابخانە سووتێنراون یان تاڵان کراون و نزیکەی 8 هەزار کەس دەستگیرکراون.


