رووداو دیجیتاڵ
ئۆرسولا ڤۆن دێر لەین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا نیگەرانی یەکێتیی ئەورووپای بەرامبەر پەسندکردنی رێککەوتنامەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەریایی نێوان لیبیا و تورکیا لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە دەربڕی، دووپاتیکردەوە رێککەوتنەکە یاسای دەریا پێشێل دەکات و لە بنەڕەتدا بەتاڵ و نایاساییە.
فۆن دێر لەین لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بە تەواوی نیگەرانین لە پەسندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی بە ناوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی لیبیا-تورکیا بۆ دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دەریایی لە دەریای نێوەڕاست لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە راگەیێنراوە".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لەمبارەیەوە روونە و لە 2019دا لەلایەن ئەنجوومەنی ئەورووپاوە بە راشکاوی دیاریکراوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، هاوکات گوتی: "ئەم رێککەوتنە مافی سەروەریی وڵاتانی دیکە پێشێل دەکات، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکاندا ناگونجێت و لە رووی یاساییەوە بەتاڵ و پووچەڵە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێداگریی لەسەر پشتیوانی و هاوپشتیی تەواوی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەردوو وڵاتی یۆنان و قوبرس کردەوە، کە راستەوخۆ دەکەونە بەر مەترسیی ئەم دابەشکارییە دەریاییە و هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتییەکەی دژ بە هەر دەستتێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی لیبیادا دووپاتکردەوە.
یاداشتی لێکتێگەیشتنی دەریایی نێوان ئەنقەرە و تەرابلوس لە 2019 لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتی ئەوکاتی لیبیا واژۆکرا، تێیدا ناوچەیەکی فراوانی دەسەڵاتی ئابووریی دەریایی لە نێوان باشووری تورکیا و باکووری رۆژهەڵاتی لیبیا دیاریکراوە.
ئەم نەخشەیە ناڕەزایەتیی تووندی یۆنان و قوبرسی لێکەوتووەتەوە، چونکە بە تەواوی مافی ئاوی و ئابووریی چەندین دوورگەی یۆنانی وەک (کریت) و (رۆدۆس) دەسڕێتەوە، هەروەها بەر بە پڕۆژەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتیی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بەرەو ئەورووپا دەگرێت. پەسندکردنی ئەم رێککەوتننامەیە لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە، جارێکی دیکە مەترسیی هەڵکشانی گرژییەکان و ململانێی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە دەریای نێوەڕاست دەهێنێتەوە پێشەوە.
لە بەرامبەردا، کێشەی سەرەکی و بنەمای ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەوەدایە کە نەخشەی ئەم رێککەوتنە بە تەواوی مافی سنووری دەریایی و ناوچەی ئابووریی چەندین دوورگەی نیشتەجێکراوی یۆنان، بەتایبەت گەورە دوورگەی کریت، رۆدۆس و کارپاسۆس پشتگوێ دەخات و دەیسڕێتەوە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان (UNCLOS)، دوورگەکان مافی تەواوی ناوچەی ئابووریی دەریاییان هەیە، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە تەنیا کەناراوەکانی وشکانی لەبەرچاو دەگرێت، ئەمەش رێگەی بە تورکیا داوە کۆنترۆڵی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و رێگری لە پڕۆژەی هێڵی بۆریی گازی "EastMed" بگرێت کە بڕیار بوو گازی ناوچەکە لە رێگەی قوبرس و یۆنانەوە بگەیەنێتە بازاڕەکانی ئەورووپا.


