رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و کۆچبەران لە ئەڵمانیا، رایگەیاندووە کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی هەزاران کۆچبەری سووریادا دەکات و بەهۆی "نەمانی مەترسی لەسەر ژیانیان،" مافی مانەوەیان لێ وەردەگرێتەوە. رێکخراوەکانی مافی کۆچبەران ئەم هەنگاوە بە "ئیرادەیەکی سیاسی" بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران ناودەبەن.
فەرمانگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 8,981 پێداچوونەوەی بە دۆسیەی کۆچبەرانی سووریادا کردووە و مافی مانەوەی لە ژمارەیەکی زۆریان سەندووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە 17,440 دۆسیەی دیکە چاوەڕوانی بڕیارن.
بەم هەنگاوە، ئەڵمانیا مافی کۆچبەری لە ژمارەیەکی بەرچاوی کۆچبەرانی سووریا، لەنێویاندا کوردانی رۆژئاوای کوردستان، وەردەگرێتەوە و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان زیاد دەکات.
بیرگیت ناویوکس، بەرپرسی ئەنجوومەنی کۆچبەران لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن، کە رێکخراوێکی سەربەخۆی پارێزەری مافی کۆچبەرانە، ئەم بڕیارە بە هەڵوێستێکی سیاسیی ئەڵمانیا ناودەبات.
بیرگیت ناویوکس، دەڵێت: "جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە کە ئێستا بەم ژمارە زۆرە پێداچوونەوە بە کەیسی کۆچبەرانی سووریادا دەکرێت. هەرچەندە پێداچوونەوەکە بە شێوەی تاکەکەسییە، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسیی روون هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین پێداچوونەوە ئەنجام بدرێت."
پرۆسەی پێداچوونەوە بەگشتی بە واتای لەدەستدانی ئەو مافی مانەوەیەیە کە بەهۆی پاراستنەوە بە کۆچبەران دراوە.
ناویوکس، روونیکردەوە: "دەبێت بەردەوام سەیری ئەوە بکرێت کە ئایا دەکرێت بیر لە مافی مانەوەی دیکە بکرێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لێرە وەک پسپۆڕێکی پیشەیی کار بکات، یان بخوێنێت، یان کەسوکاری لێرە بێت کە مافی مانەوەی دیکەیان هەبێت."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا، نزیکەی 415 هەزار هاووڵاتیی سووریا بە هاوکاریی دەوڵەت دەژین. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەی پێداچوونەوەیە ئەوەیە کە حکومەت دەیەوێت ئەو بارگرانییە ئابوورییە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)
