رووداو دیجیتاڵ
محەممەد عەبدولڕەحمان، یەکێک لەو کۆچبەرە کوردانەی لە رێگەی تورکیاوە گەیشتووەتە نێو یۆنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو وردەکاریی ئەو گەشتە پڕ لە مەترسییە دەگێڕێتەوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و دوای دەیان رۆژ لە دۆخی سەخت ئێستا لە کەمپێکە لە یۆنان. سێ هاونیشتمانی دیکەی خەڵکی رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکووری کوردستانیش باسی دۆخی کەمپەکان بۆ رووداو دەکەن.
محەممەد دەڵێت، سەرەتای گەشتەکەی لە 15ی ئەیلوول لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو شاری ئیستەنبووڵ لە تورکیا دەستی پێکرد و شەوێک لەوێ مانەوە، دواتر لەگەڵ گرووپێک بەڕێکەوتن بەرەو شاری ئەدیرنە لە سنووری تورکیا و یۆنان و بۆ ماوەی چوار شەو لەو ناوچەیە مانەوە تاوەکو کاتی پەڕینەوەیان بۆ دیاری بکرێ.
بە گوتەی محەممەد، مەترسییەکان لە شەوی پەڕینەوەکەدا دەستیانپێکرد؛ کاژێر 11:00ـی شەو قاچاخچییەکەیان ئۆتۆمبێلێکی بچووکی بۆ ناردوون و هەشت کەسیان خستووەتە نێویەوە.
لە رێگەدا دەرگای ئۆتۆمبێلەکە کراوەتەوە و خەریک بووە یەکێک لە سەرنشینەکان بکەوێتە خوارەوە، بەڵام بە پەرجوو رزگاری بووە. دوای نزیکەی نیو کاژێر رۆیشتن بە ئۆتۆمبێلەکە، لە خاڵێکی نزیک سنوور دایانبەزاندوون و لەوێ چاوەڕوانیان کردووە تاوەکو کاژێر 2:30ـی بەرەبەیان رێبەرەکەیان چووە بە شوێنیاندا.
تەقەی پۆلیسی تورکیا و سێ کاژێر رۆیشتن بە نێو رووباردا
لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بۆ رووداو، محەممەد ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپەکەیان نزیکەی 50 کەس بوون، کە سێ کەسیان هاونیشتمانی باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بوون. دوای ئەوەی نزیکەی کاژێرێک بە پێ رۆیشتوون، پۆلیسی پاسەوانی سنووری تورکیا پێی زانیون و تەقەی بە ئاسماندا کردووە، ئەوانیش بە ناچاری چوونەتە نێو کێڵگەیەکی گەنمەشامی و بۆ نیو کاژێر لە ترسی دەستگیرکردن خۆیان شاردووەتەوە.
دوای نیو کاژێرەکە و کەمبوونەوەی مەترسییەکە، کەوتوونەتەوە رێ بەرەو سنوور . محەممەد دەڵێت، دەبووایە بە رووبارێکدا بپەڕنەوە کە نزیکەی نیو مەتر قووڵ بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی لە پۆلیسی سنووری تورکیا و یۆنان بەدوور بن و دەستگیر نەکرێن، نزیکەی سێ کاژێر بە ئاوەکەدا بە پێ ڕۆیشتوون.
دوای بڕینی رووبارەکە، محەممەد و هاورێگەکانی گەیشتوونەتە نێو دارستانێکی چڕ و بۆ دوو شەو و دوو رۆژ لەوێ ماونەتەوە. لەو ماوەیەدا تەنیا یەک پاکەت پسکیتیان پێبووە بۆ ئەوەی بیخۆن.
دەستگیرکردن و 24 شەو مانەوە لە زیندان
کانیوار مەحموود، گەنجێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و خەڵکی حەسەکەیە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، دوای تەواوبوونی ئەو دوو رۆژە، چوونەتە نێو یۆنان ولەوێش کاژێرێک بە پێ رێگەیان بڕیوە. دواتر قاچاخچییەکەیان ئۆتۆمبێلێکی بۆ ناردوون بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ شاری ئەسینا، بەڵام کەمتر لە پێنج خولەک بە ئۆتۆمبێلەکە رۆیشتوون، پۆلیسی یۆنان رێگەی لێگرتوون و دەستگیری کردوون.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، پۆلیسی یۆنان کۆچبەرەکانی گواستووەتەوە بۆ زیندان و بۆ 24 شەو بەبێ مۆبایل و بەبێ هیچ پەیوەندییەک هێشتوویاننەتەوە. کانیوار گوتی، دۆخی زیندانەکە لەوپەڕی خراپیدا بوو، بەهۆی زۆری کۆچبەرانەوە ژوورەکان جمەیان دەهات، بە جۆرێک لە یەک هۆڵدا 72 کەس دەهێڵدرانەوە و چوار کەس لەسەر یەک تەختەخەوی دوو مەتری دەخەوتن.
عەلی حوسێن، گەنجێکی خەڵکی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە نێو هەمان گرووپدا بووە و بە رووداوی گوت، دوای تەواوبوونی 24 شەو لە زیندانەکە، براون بۆ کەمپێک بە ناوی کەمپی فلاکیو و لەوێ مۆبایلەکانیان پێداونەتەوە.
عەلی گوتیشی: "ئەم کەمپە تەواو داخراوە و هیچ دەرفەتێک بۆ چوونە دەرەوە نییە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمپەکە لە رووی شوێنی خەوتن و خزمەتگوزارییەوە باشە، بەڵام گەورەترین کێشەیان کەمیی خۆراکە.
هاونیشتمانییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە خواردنی نێو کەمپەکە لە ئاستێکی زۆر کەمدایە، بە جۆرێک بەشی ئەوە ناکات تێریان بکات، هەربۆیە زۆربەی کات لە نێو کەمپی فلاکیودا بە برسییەتی دەمێننەوە.
سلێمان، خەڵکی باکووری کوردستانە و هاوڕێی سێ هاونیشتمانییەکەی دیکەیە لە کەمپەکەی یۆنان. ئەو هاونیشتمانییە بەو رووداوی گوت، دۆخی کەمپەکانی دیکەی یۆنان، بەتایبەت ئەوانەی نزیک ئەسینا لەوەی ئەوان باشترە.
سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، دەیان گەنجی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپەکانی یۆنان دەناسێت؛ باسی لەوەشکرد، لە شەش کەمپی یۆناندا، لە هەر یەکەیان 15 بۆ 30 هاونیشتمانی پارچەکانی کوردستانی لێیە.



