رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی دژە حکومەت، هەزاران هاووڵاتی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا رژانەوە سەر شەقامەکان؛ پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان گازی فرمێسکڕێژ، ئاوپرژێن و گوللـەی لاستیکیی بەکارهێنا، لە بەرامبەریشدا خۆپێشاندەران بە بەرد و یاریی ئاگرین وەڵامی هێزە ئەمنییەکانیان دایەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووی ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 300 خۆپێشاندەر و پۆلیس بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستگیرکراون. هەروەها هێرش کراوەتە سەر چەندین باڵەخانەی حکومی، لەنێویاندا باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە کە بووەتە چەقی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان.
خۆپێشاندەران، کە زۆربەیان خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتییە هونەرییەکانن، باسی ئەوە دەکەن، بزووتنەوەکەیان گەیشتووەتە ئاستی "شۆڕش" و تەنیا پرسی ژینگە یان خوێندکاران نییە، بەڵکو داوای سەروەریی یاسا، چاکسازیی ئابووری و داهاتوویەکی شایستە دەکەن بۆ ئەوەی ناچار نەبن وڵات بەجێبهێڵن.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئەلبانیا سەریانهەڵدا، ئەوەش دوای راگەیاندنی پرۆژەیەکی گەشتیاری و دروستکردنی هۆتێلێکی گرانبەها لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە کە کچ و زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خاوەنیانن؛ زانایانیش لە مانگی تەمووزدا هۆشدارییان دابوو، پرۆژەکە زیانی قەرەبوونەکراوەی بە سرووشتی کەناراوەکان گەیاندووە.
لە نێوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بۆ بزووتنەوەیەکی سەرانسەری دژی گەندەڵی و داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا گۆڕا.
خۆپێشاندەران خۆیان لە هەموو پارتە سیاسییەکان بەدوور گرتووە و درووشمی "راما بۆ زیندان"یان بەرزکردووەتەوە، بەوەش هاوکات سەرۆکوەزیران و سالی بێریشا، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن و تەواوی دەستەبژێری سیاسیی وڵات بە بەرپرسیاری دۆخەکە دەزانن.
لە بەرامبەردا، ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیستی ئەلبانیا "لایەنی دەرەکی" بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان لە قەڵەمدا و هەریەکە لە رووسیا و ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە تۆمەتبار کرد.
هەرچەندە سەرۆکوەزیرانەکە داوای دیالۆگی کردبوو، بەڵام خۆپێشاندەران ئەو شوێنەی لە بەردەم بارەگای حکومەت بۆ گفتوگۆ دانرابوو، ئاگریان تێبەردا.
ئەلبانیا، کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 2.3 ملیۆن کەسە، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی شیوعیەت لە ساڵانی نەوەدەکانەوە زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتی بەهۆی بێکاری و نالەباریی بژێوییەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە؛ لە کاتێکدا تێکڕای مووچەی مانگانە پێش باج 930 یۆرۆیە و لە پلەی 91ـەمی پێنوێنی شەفافییەتی نێودەوڵەتیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

.webp&w=3840&q=75)
