رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 25-10-2026، هاووڵاتییانی سربیا بە ژمارەیەکی پێوانەیی و بەرچاو روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد؛ کە تێیدا بزووتنەوەیەکی بەرفراوان بە سەرۆکایەتیی قوتابییان هەوڵی کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی پارتی پێشکەوتنخوازی سربیا (SNS) بە سەرۆکایەتیی ئەلێکساندەر ڤوچیچ دەدات.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی سربیا، رێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە خولەکانی پێشوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە؛ بە جۆرێک تاوەکو کاژێر 13:00 بەکاتی هەولێر (تەنیا پێنج کاژێر دوای کردنەوەی سندووقی دەنگدان) رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە نزیکەی 35٪، لە کاتێکدا لە هەمان کاتدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023دا تەنیا نزیکەی 21٪ بوو.
لە بێلگرادی پایتەخت و تەواوی شارەکانی دیکە، بەر لە کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان سەرەی درێژی دەنگدەران دروستبوو. هاوکات گرتە ڤیدیۆییەکان پێشوازی و ئاهەنگگێڕانی دەنگدەرانی رەوەندی سربی لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا و تۆرۆنتۆی کەنەدا پێشاندەدەن؛ هەروەها لەسەر سنوورەکانی کرواتیا، هەنگاریا و کۆسۆڤۆش قەرەباڵخییەکی زۆری ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە سڕبییانە دروستبووە کە بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە لووتکەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی دوو ساڵی رابردووی قوتابییانە، کە لە کۆتایی ساڵی 2024 بەهۆی داڕمانی بنمیچی وێستگەی شەمەندەفەری شاری (نۆڤی ساد) و گیانلەدەستدانی 16 کەس سەریهەڵدا؛ رووداوێک کە گەندەڵی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا بە هۆکارەکەی زانرا و گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتیی لە دوای رووخانی دەسەڵاتی سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ لە ساڵی 2000ـەوە لە سربیا لێکەوتەوە.
لە کۆی 6.4 ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو، 18 لیستی بەربژێران بۆ بەدەستهێنانی 250 کورسییەکەی پەرلەمان کێبڕکێ دەکەن، بەڵام پێشبینییەکان دەریدەخەن رکابەریی سەرەکی لەنێوان پارتی دەسەڵاتدار و (لیستی قوتابییان) دایە. بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناڕازییانیش، چەندین پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن بڕیاریان دا بەشداری نەکەن و داوایان لە لایەنگرانیان کرد دەنگ بە لیستی قوتابییان بدەن.
زۆربەی ئەو 250 بەربژێرەی لە لیستی قوتابییاندان، کەسایەتیی ئەکادیمی، هونەری و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکانن کە ئەزموونی سیاسیی پێشووتریان نییە و دروشمی سەرەکییان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە.
دیان بۆدیرۆگا، یاریزانی پێشوو و سەرۆکی خولی تۆپی سەبەتەی ئەورووپا (یۆرۆلیگ) کە یەکێکە لە بەربژێرانی لیستی قوتابییان، لە کاتی دەنگدانیدا لە بێلگراد گوتی: "ئەمڕۆ پێش هەموو شتێک، سربیا لەپێناو ئازادی و گەڕاندنەوەی وڵاتێکدا دەجەنگێت کە دەستی بەسەردا گیراوە."
لە بەرامبەردا، ئەلێکساندەر ڤوچیچی تەمەن 56 ساڵ، سەرکردەی باڵای پارتی دەسەڵاتدار کە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی کورتکردەوە و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکات، چەندین جار ئەم بزووتنەوەیەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لەلایەن لایەنی دەرەکییەوە بۆ کودەتا هان دەدرێن. ڤوچیچ دوای دەنگدان گوتی: "ئەمڕۆ سربیا بڕیار لەسەر ئاراستەی خۆی دەدات؛ ئایا بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت یان بەرەو رابردوو."
هەرچەندە پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیگەرانییان لە نەبوونی مەرجەکانی "هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد" دەربڕیبوو، بەڵام بزووتنەوەی قوتابییان هەزاران خۆبەخشی بۆ چاودێریکردنی سندووقەکان لە پاڵ چاودێرانی نێودەوڵەتیدا بڵاوەپێکردووە. دەنگدان تاوەکو کاژێر 08:00ـی ئێوارە بەکاتی ناوخۆ (09:00 بەکاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت.

