رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی هەفتەدا لە سەرانسەری وڵاتەکە، هێزە ئەمنییەکان 1,314 کەسیان دەستگیرکردووە، هاوکات لە پێکدادانەکاندا 53 پۆلیس بریندار بوون.
لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی رۆژی شەممە دژی گرانیی تێچووی بژێوی ژیان لە شارە گەورەکاندا، ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا دروستبوو. ئەمە دووەم کۆتایی هەفتەی لەسەریەکە فەرەنسا پشێویی لەو شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش لە کاتێکدایە، وڵاتەکە لە مانگەکانی نیسان و ئایاری داهاتوودا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێت بە مەبەستی دیاریکردنی جێگرەوەی ئیمانوێل ماکرۆن کە ماوەی یاسایی دوو خولەکەی کۆتایی دێت.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی رۆژی شەممەدا پۆلیس بەدەم 75 رووداوی ئاگرکەوتنەوەوە چووە و 24 فرۆشگەش تاڵان کراون.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، "چەندین لێکۆڵینەوە دەستیان پێکردووە" و شەوی شەممەش دوای هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان، بە شێوەیەکی "هێمن" تێپەڕیوە.
سەبارەت بە برینداربوونی خۆپێشاندەران، هەرچەندە لە راگەیێندراوە فەرمییەکەی رۆژی یەکشەممەدا ئاماری گشتی نەخرابووەڕوو، بەڵام پێشتر لۆرۆن نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا باسی لە برینداربوونی سەختی دوو خۆپێشاندەر لە تولوز و کلێرمۆن فێران کردبوو.
بەپێی زانیارییەکانی پارێزگەی تولوز، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ دەستی بە سەختی بریندار بووە؛ پزیشکێکیش رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەوە "چەند پەنجەیەکی" دەستی پەڕیوە.
هاوکات رۆژنامەی لانوڤێل ریپۆبلیکی فەرەنسی بڵاویکردەوە، لە شاری پواتیێ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ لە کاتی پێشڕەویی پۆلیس و بەکارهێنانی بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسکڕێژ، چاوی چەپی بە سەختی بریندار بووە.

