رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 25-10-2026، هاووڵاتییانی بولگاریا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی وڵاتەکەیان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ هەڵبژاردنێک کە لەژێر کاریگەریی قووڵی جەنگی ئۆکراینا و دابەشبوونی وڵاتەکە لەنێوان بەرەی مۆسکۆ و هاوپەیمانیی رۆژئاوادا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان دوای زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر چەندین کەشتی لە دەریای رەشدا.
سندووقەکانی دەنگدان کاژێر 7:00ـی بەیانی بەکاتی سۆفیا (08:00 بەکاتی هەولێر) کرانەوە و تاوەکو کاژێر 8:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبن. بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بولگاریا، رێژەی بەشداری لە سەرەتای دەنگداندا لاواز بووە و تاوەکو کاژێر 11:00ـی بەیانی تەنیا گەیشتووەتە 5.8٪.
بەپێی راپرسییەکان، ئیلیانا یۆتۆڤا، سەرۆکی ئێستای بولگاریا، کە داوای دیالۆگ لەگەڵ مۆسکۆ دەکات و دژی ناردنی هاوکاریی سەربازییە بۆ ئۆکراینا، لە پێشەنگی کێبڕکێکەدایە.
یۆتۆڤای 62 ساڵ لە دوای دەنگداندا رایگەیاند، دەیەوێت رووبەڕووی پرسی قورسی هەژاری، نایەکسانی و جیاوازیی ناوچەیی لە وڵاتەکەیدا ببێتەوە و بەڵێنی دا ببێتە "سەرۆکی ئاشتی."
لە ئەگەری سەرکەوتنیدا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن کە بڕیارە لە 1ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە 6.4 ملیۆن کەسییەدا کە لە رێگەی دەنگدانەوە بە سەرۆک هەڵبژێردرێت.
لە بەرامبەردا، سەرەکیترین رکابەری، ئاندرێ گیورۆڤی 50 ساڵ، بازرگان و سەرۆکوەزیرانی پێشووە، کە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری رۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت.
گیورۆڤ رەخنەی تووند لە سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵاتداران دەگرێت و باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپادا دەکات و رایگەیاندووە، دەیەوێت بولگاریا هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ناتۆ بێت و لە رێگەی دیپلۆماسیی بەهێز و هەڵوێستی روونەوە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات.
بولگاریا، کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی ناتۆیە، لە مێژوودا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ رووسیادا هەبووە و ئێستاش لەسەر ئەو پرسە بە قووڵی دابەش بووە. لەم هەڵبژاردنەدا 27 جووت بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆک کێبڕکێ دەکەن کە نزیکەی نیوەیان بە ئاشکرا لایەنگری کرێملینن.
کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لەم مانگەدا زیاتر لە کەناراوەکانی بولگاریا رەنگیداوەتەوە، دوای ئەوەی چوار کەشتی لە دەریای رەش کرانە ئامانج و بەهۆیەوە 21 کەس بێسەروشوێن بوون.
روومێن رادێڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا (کە پێشتر سەرۆک بوو و هاوپەیمانی یۆتۆڤایە) باڵیۆزی رووسیای بانگێشت کرد، بەڵام حکومەتەکەی دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی راستەوخۆ نییە مۆسکۆ لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت.

