رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی فراوانی ناوەندی خزمەتگوزاریی میدیایی بۆ تێکەڵبوون (Mediendienst Integration) لە ئەڵمانیا دەریدەخات کورد یەکێکە لە گەورەترین پێکهاتەکانی کۆچبەران لە ئەڵمانیا و ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس.
توێژینەوەکە، لەلایەن پرۆفیسۆر د. چنوور قادری، مامۆستای زانکۆی بۆخوم ئامادەکراوە، تیشک دەخاتە سەر پێگە، دیمۆگرافیا، ژیانی سیاسی، ئابووری و ئەو رەگەزپەرستییەی رووبەڕووی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە دەبێتەوە.
ئەم توێژینەوەیە، کە لە ئۆکتۆبەری 2026 لەلایەن دامەزراوەی "رۆبێرت بۆش"ـەوە پاڵپشتیی دارایی کراوە، دەریدەخات کە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، هیچ ئامارێکی فەرمیی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ ژمارەی کورد نییە، چونکە بەپێی وڵاتینامەی وڵاتانی (تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران) یان بێ وڵاتینامە (Stateless) پۆلێن دەکرێن. کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا ژمارەی کورد بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت، بەڵام توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە 1.5 ملیۆن کەس ژمارەیەکی زانستی و واقیعییە.
تەنیا لە نێوان ساڵانی 2010 تاوەکو حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF) 607 هەزار و 896 داواکاریی مافی پەنابەریی لەلایەن کوردەوە تۆمار کردووە، کە زۆرینەیان لە سووریا و باکووری کوردستانەوە بوون.
توێژینەوەکە بە وردی شیکاری بۆ شەپۆلەکانی کۆچ و دۆخی پەنابەریی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات:
1. رۆژئاوای کوردستان (سووریا)
لە دوای ساڵی 2010ـەوە، زیاتر لە 250 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان (سووریا) چوونەتە ئەڵمانیا.
داواکاریی پەنابەری بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە کەمبوونەوە کردووە؛ لە 17 هەزار و 549 داواکاری لە ساڵی 2024ـەوە بۆ 7 هەزار و 848 لە ساڵی 2025 و لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا بۆ 1,984 داواکاری دابەزیوە.
رێژەی وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ کوردانی سووریا پێشتر 85.8٪ بووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2026دا بۆ 29.0٪ دابەزیوە.
سەرەڕای پلانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ سووریا، توێژینەوەکە هۆشداری دەدات کە دۆخی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هێشتا مەترسیدارە. ئاماژە بە پێکدادانەکانی حەلەب (گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) لە سەرەتای 2026 کراوە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی 148 هەزار کەس، هەروەها رفاندن و کوژرانی سامى شێخموس حیسۆ لە حەسەکە لە ئەیلوولی 2026 وەک نموونەی ناسەقامگیری هێنراوەتەوە.
2. باکووری کوردستان (تورکیا)
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هەزار کوردی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە. لە ساڵی 2023 ژمارەکە گەیشتە لووتکە (51 هەزار و 407 داواکاری)، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2026دا بۆ 2,193 داواکاری دابەزیوە.
رێژەی وەرگرتنی مافی پەنابەری زۆر کەمە؛ لە نیوەی یەکەمی 2026دا تەنیا 4.3٪ بووە. لە ساڵی 2025دا، تورکیا بووەتە یەکەمین وڵات کە زۆرترین دیپۆرتکردنەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ کراوە (2,297 کەس).
لە حوزەیرانی 2026ـەوە تورکیا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە وەک "وڵاتی سەلامەت" پۆلێن کراوە، ئەمەش وەرگرتنی مافی پەنابەریی بۆ کورد زۆر ئەستەم کردووە، سەرەڕای بەردەوامیی دەستگیرکردنی چالاکڤانان و لادانی سەرۆکشارەوانییە کوردەکان.
3. رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)
دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022، کۆچی کوردانی رۆژهەڵات بۆ ئەڵمانیا زیادی کرد؛ لە ساڵی 2023دا گەیشتە 1,772 داواکاری، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2026دا دابەزیوە بۆ 127 کەس.
رێژەی وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان 28.5٪ـە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کورد لە ئێران بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و زۆر لە قەبارەی خۆیان رووبەڕووی دەستگیرکردن، زیندان و سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
4. باشووری کوردستان (عێراق)
داواکاریی پەنابەریی کوردانی عێراق لە 11 هەزار و 95 کەس لە ساڵی 2021ـەوە بەردەوام رووی لە کەمبوونەوە کردووە و لە نیوەی یەکەمی 2026 گەیشتووەتە 1,109 داواکاری.
هۆکاری دابەزینەکە بۆ قورسیی رێگەکانی کۆچ و بەرزبوونەوەی رێژەی دیپۆرتکردنەوە دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا کوردی ئێزدی رووبەڕووی مەترسیی ناردنەوە دەبنەوە بۆ عێراق.
پێکهاتەی ئایینی؛ زۆرینەی سوننە و فرەچەشنییەکی دەوڵەمەند
بە گوێرەی توێژینەوەکە ئامارێکی فەرمی لەسەر ئایینی کورد لە ئەڵمانیا نییە، بەڵام زۆرینەیان موسڵمانی سوننەن، لە پاڵ بوونی عەلەوی، ئێزدی، کریستیان، یارسانی (کاکەیی)، جوو، زەردەشتی و فەیلی.
توێژینەوەیەکی مەیدانی لە شاری میونشن دەریدەخات کە:
45.2٪ سوننە مەزهەبن.
15.2٪ عەلەوین.
7.1٪ بێباوەڕ (ئاتیست)ـن.
3.6٪ ئێزدین.
کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەڵمانیا بە گەورەترین کۆمەڵگەی ئێزدی لە دەرەوەی نیشتمان دادەنرێت و ژمارەیان بە نزیکەی 250 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت. مزگەوتە کوردییەکان لە چوارچێوەی "فیدراسیۆنی کۆمەڵگە ئیسلامییە کوردییەکان (DIKG)" لە شاری کۆڵن کۆکراونەتەوە و ناوەندە عەلەوییەکانیش لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی (AABF) کار دەکەن کە لە چەندین ویلایەت دانپێدانانی فەرمییان وەرگرتووە.
رەگەزپەرستی دژ بە کورد لە ئەڵمانیا
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە کانوونی دووەمی 2026 لەسەر کوردانی میونشن کراوە، 86.7٪ـی بەشداربووان لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا رووبەڕووی جۆرێک لە جیاکاری و رەگەزپەرستی بوونەتەوە:
66.4٪ رووبەڕووی هەڵسوکەوتی سووکایەتیپێکراو بوونەتەوە.
64.4٪ مامەڵەی بێڕێزانەیان لەگەڵ کراوە.
50.0٪ پەراوێز خراون.
44.2٪ جنێو و قسەی ناشرینیان پێگوتراوە.
11.8٪ رووبەڕووی هێرشی جەستەیی بوونەتەوە.
هەروەها 57.4٪ـی بەشداربووان هۆکاری جیاکارییەکەیان بە دیاریکراوی بۆ "کوردبوونیان" گەڕاندووەتەوە. زۆرینەیان باسیان لەوە کردووە کە بەردەوام ناسنامەی کوردی بە تیرۆر و جوداخواز پێناسە دەکرێت، بە جۆرێک دەڵێن: "هەر کە دەزانن کوردی، دەستبەجێ وەک تیرۆریست یان جوداخواز ناوت دەزڕێنن."
ناوەندی زانیاریی رەگەزپەرستیی دژ بە کورد (IAKR) تۆماری کردووە کە لە ساڵی 2025دا 438 حاڵەتی رەگەزپەرستی دژی کورد تۆمار کراون:
181 حاڵەت: لەلایەن ناسیۆنالیستە تورکەکانەوە بووە (وەک گرووپی گورگە بۆرەکان).
72 حاڵەت: ناسیۆنالیزمی عەرەبی.
18 حاڵەت: ئیسلامییە تووندڕەوەکان.
17 حاڵەت: راستڕەوە تووندڕەوە ئەڵمانییەکان.
11 حاڵەت: ناسیۆنالیزمی ئێرانی.
تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان، 211 هێرش و هەڕەشەی رەگەزپەرستانە دژی کورد لە ئەڵمانیا تۆمار کراون کە نزیکە لە کۆی گشتیی ئاماری ساڵی 2024.
کاریگەریی قەدەخەی پەکەکە لەسەر کوردانی ئەڵمانیا
لە ساڵی 1993ـەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەڵمانیا قەدەخە کراوە. ئەم قەدەخەیە بۆ دەیان ساڵ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چالاکیی سیاسی و مەدەنیی کورد بەجێهێشتووە و وایکردووە تەواوی کۆمەڵگەی کوردی بکەونە ژێر گومان و چاودێریی پۆلیسەوە، تەنانەت لە پرسی وەرگرتنی رەگەزنامە و مافی مانەوەدا.
سەرەڕای ئەوەی پەکەکە کشانەوەی چەکدارەکانی و هەڵوەشاندنەوەی راگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا جەختی کردووەتەوە کە هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکەی بۆ ئەو حیزبە وەک خۆی دەمێنێتەوە و قەدەخەکە لانابرێت، هەروەها دادگەی کارگێڕیی بەرلین هێشتا بڕیاری لەسەر تانەی هەڵوەشاندنەوەی قەدەخەکە نەداوە.
حکومەتی ئەڵمانیا دۆخی ئەمنیی کوردی بە "ئاڵۆز" ناوبردووە و مەترسیی سەرەکی بۆ سەر چالاکوانانی کورد لە ئەڵمانیا بۆ هەڕەشەی هەواڵگریی تورکیا (میت)، تۆڕەکانی دەوڵەتی ئێران، گورگە بۆرەکان و ئیسلامییە توندڕەوەکان دەگەڕێنێتەوە.
میدیای ئەڵمانیا وێنەی کورد چۆن پێشان دەدات؟
توێژینەوەکە شیکاری بۆ 42 راپۆرت و وتاری پێنج لە گەورەترین میدیاکانی ئەڵمانیا (Focus Online، Bild.de، Zeit.de، Spiegel.de و Taz.de) کردووە و دەرەنجامەکان بەمشێوەیەن:
- نزیکەی 31٪ـی بابەتەکان باس لە تاوان و تووندوتیژی دەکەن، لە بەرامبەردا تەنیا 14٪ باسی تێکەڵبوون (ئینتیگراسیۆن) دەکەن.
- لە ماڵپەڕەکانی Focus Online و Bild.de کە خاوەنی زۆرترین بینەرن، 72٪ـی هەواڵ و بابەتەکانیان لەسەر کورد پەیوەست بووە بە تاوان و تووندوتیژی و لە کاتی رووداوەکاندا ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردەهێنن.
- بە پێچەوانەوە، ماڵپەڕەکانی Zeit.de و Spiegel.de لە 60٪ـی بابەتەکانیاندا تیشکیان خستووەتە سەر چیرۆکەکانی سەرکەوتن و ئینتیگراسیۆن.
- رۆژنامەی Taz.de لە زۆربەی بابەتەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو رەگەزپەرستییەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت.
رۆڵی کورد لە کایەی سیاسی، ئابووری و کولتووریی ئەڵمانیا
کورد لە ئەڵمانیا لە پەراوێزەوە بووەتە پێکهاتەیەکی کاریگەر:
لە پەرلەماندا: لە هەڵبژاردنی ساڵی 2025ی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ)، حەوت پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەک کورد توانییان کورسی مسۆگەر بکەن (جەم ئینجە، جانسو ئۆزدەمیر، فرات کۆچاک، میرزە ئەدیس، گۆکای ئاکبولوت لە پارتی چەپ؛ قاسم تاهیر ساڵح لە پارتی سەوزەکان و سەردار یوکسەل لە پارتی سۆسیال دیموکرات SPD).
لە ئابووریدا: لە ناوچەی پیشەسازیی رۆهر و شارە گەورەکاندا، پاش سەردەمی کارگە و چێشتخانەکان، نەوەی نوێی کورد چوونەتە نێو کایەکانی پزیشکی، یاسا، تەکنەلۆژیای زانیاری (IT)، راگەیاندن و کۆمپانیاکانی بیمە.
ناوداران: دەیان کەسایەتیی دیاری کورد لە ئەڵمانیا ناوبانگی گەورەیان هەیە؛ لەوانە ئەگیت کابایەل پاڵەوانی جیهانیی بۆکسێن، دێنیز ئونداڤ یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، دوزەن تەکال رۆژنامەڤان و چالاکوان، نووسەران (شیدا بازیار، فاتیما ئایدەمیر و رۆنیا عوسمان)، دەرهێنەر سۆلین یوسف و هونەرمەندانی وەک تاهسین دورگون و خەتەر (ژیوار حاجبی).
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە تۆڕە میدیاییە کوردییەکان کراوە (لە سەرووی هەمووشیانەوە تۆڕی میدیایی رووداو و کوردستان 24)، کە لە پاڵ میدیا و رێکخراوەکانی دیکەی دیاسپۆرا وەک کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی، وایانکردووە ئەڵمانیا ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی پەیوەندی و رۆشنبیریی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد لە سەرانسەری جیهاندا.



