رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لەبارەی رەوتی دیپلۆماسی و دانوستاندنەکانی ناوچەکە رایگەیاند، لایەنەکان زۆر نزیکن لەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوەکان بەرەو هێورکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەڕۆن.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، باراک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ستایشی رۆڵی نێوەندگیرە هەرێمییەکانی کرد و گوتی: "قەتەر، پاکستان و سەرجەم هاوپەیمانەکانمان رۆڵێکی زۆر باشیان گێڕاوە لە کۆکردنەوەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ"؛ باسی لەوەش کرد، ئێستا زۆر نزیکن لەوەی پشوویەک وەربگرن و پلەی گەرمیی ململانێکان لە ناوچەکەدا داببەزێنن، هەروەها روونیکردەوە کە هەرچەندە پێشبینی ناکرێت دەستبەجێ چارەسەرێکی گشتگیر و کۆتایی بێتە ئاراوە، بەڵام ئەمە دەرفەت بە ناوچەکە دەدات سەقامگیری و ریتمی ئاسایی خۆی بدۆزێتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا هەنگاوی بەرچاو بنرێت بە ئاراستەی هێورکردنەوە، دەستپێکردنەوەی دیالۆگ و راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان، هاوکات لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتووشدا هەموو هەوڵێک دەخرێتە گەڕ تاوەکو گرێکوێرە و ئاڵۆزییەکانی ئەم قەیرانە بە هەنگاوی دروست بکرێنەوە.
لەبارەی هەڕەشە سەربازییەکان و بژاردەکانی سەر مێز، باراک جەختی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی بژاردەی سەربازی زۆر بە جیدی وەردەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو هەوڵ و بژاردەیەک تاقی دەکەنەوە بۆ ئەوەی پەنا بۆ ئەو بژاردەیە نەبرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، باراک دووپاتی کردەوە کە واشنتن بە تەنیا ناتوانێت سەرجەم کێشەکانی ناوچەکە و دەوروبەری چارەسەر بکات، بەڵکو پێویستە دەوڵەتانی ناوچەکە خۆیان بە شێوەیەکی راستەقینە بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ئەستۆ بگرن، سەرکەوتنی پرۆسەکەش لەم قۆناغەدا پێویستی بە کات، ئارامگری و بەرپرسیارێتی هەیە.
ئەو پەیامەی وەزارەتەکە لە کاتێکدایە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران لە یەکدی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بەردەوامن؛ لە هەمان کاتدا، هەوڵەکانیان و هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیریش لەگەڵیان بۆ رێککەوتن بەردەوامن.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. هەفتەی رابردووش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تاران نەچێتە پێشەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵیاندا، ئەوا دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول ئەگەری هەیە هێرش بکەنەوە سەر ئێران.
.webp&w=3840&q=75)
