رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی کاریگەرییەکانی سەر گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران رایگەیاند، ئێران هەوڵ دەدات دارایی و سەرمایەکانی بۆ دەرەوەی چوارچێوەی سزاکان بگوازێتەوە، بەڵام واشنتن لە رێگریکردن لە تاران بۆ دەربازبوون و خۆدزینەوە لە سزاکان سەرکەوتوو بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سزاکانی سەر ئێران کاریگەریی تەواوی خۆیان سەلماندووە و گەمارۆ ئابوورییەکە زۆر کارایە، بە جۆرێک ئێستا تاران لە رووی ئابوورییەوە بە تەواوی دابڕێنراوە. ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانجی سەرەکیی واشنتن بریتییە لە دابڕاندنی یەکجارەکیی ئێران لە تەواوی سیستمی دارایی جیهانی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دا کە هیچ بژاردەیەک لەبەردەم تاراندا نەماوەتەوە جگە لە راگرتنی "ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی"؛ هەروەها گوتیشی، واشنتن تاوەکو خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیی رژێمی ئێران لە سەپاندن و تووندکردنەوەی گوشارەکان بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا سوورە لەسەر پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا و ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم جەنگە بە هیچ جۆرێک دژی گەلی ئێران نییە، بەڵکو تەنیا دژی دەسەڵات و رژێمی ئەو وڵاتەیە. لە لایەکی دیکەشەوە، وەزارەتەکە دڵنیایی دا کە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوە و بۆ دابەزاندنی نرخەکانی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوام دەبن.
ئەو پەیامەی وەزارەتەکە لە کاتێکدایە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران لە یەکدی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بەردەوامن؛ لە هەمان کاتدا، هەوڵەکانیان و هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیریش لەگەڵیان بۆ رێککەوتن بەردەوامن.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ناردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. هەفتەی رابردووش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تاران نەچێتە پێشەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵیاندا، ئەوا دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول ئەگەری هەیە هێرش بکەنەوە سەر ئێران.

.webp&w=3840&q=75)