رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییانی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمدا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکدا کە یان دەسەڵاتێکی فراوانتر دەبەخشێتە دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، یاخود رووبەڕووی کۆنگرێسێکی نەیاری دەکاتەوە کە پڕۆژەکانی پەکدەخات و زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی ئیدارەکەی و چالاکییە داراییەکانی دەستپێدەکات.
هەرچەندە ناوی دۆناڵد ترەمپ لەسەر پەڕەکانی دەنگدان نییە، بەڵام دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ئاستی دەسەڵات و پانتایی هەنگاوەکانی ترەمپ لە دوو ساڵی کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا یەکلادەکاتەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان بە هەموو هێزیانەوە هەوڵ دەدەن زۆرینەی کۆنگرێس لە یەکێک لە ئەنجوومەنەکان یان لە هەردووکیاندا لە دەستی کۆمارییەکان دەربهێنن.
ئەم دەنگدانە تەنیا بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی حاکمی دەیان ویلایەت و هەزاران بەرپرسی خۆجێییش دەگرێتەوە.
هەڵبژاردنی نیوەخول چییە و کێبڕکێ لەسەر چەند کورسییە؟
هەڵبژاردنی نیوەخول دوو ساڵ دوای دەستپێکردنی خولی چوار ساڵەی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت و دەرفەت دەداتە دەنگدەران بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە نێو کۆنگرێسدا، تەنانەت لەگەڵ مانەوەی سەرۆکیش لە پۆستەکەیدا. کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران پێکدێت کە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵیی وڵاتەکەن و بەرپرسن لە پەسندکردنی یاساکان، بودجە و خەرجییەکانی حکومەت و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
لەم هەڵبژاردنەدا، سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەخرێنە دەنگدانەوە، چونکە خولی ئەندامێتی تێیدا تەنیا دوو ساڵە. بەڵام لە ئەنجوومەنی پیراندا کە ماوەی ئەندامێتی شەش ساڵە، کورسییەکان بە نۆرە و لە سێ قۆناخدا نوێ دەکرێنەوە؛ بۆ ئەمساڵیش کێبڕکێ لەسەر 35 کورسی دەکرێت کە 33 کورسییان لە چوارچێوەی خولی ئاساییدان و دوو کورسییەکەی دیکەش هەڵبژاردنی تایبەتن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسییانەی بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە یان گیانلەدەستدانەوە چۆڵ بوون.
دابەشبوونی ئێستای کورسییەکان لە کۆنگرێس
ئێستا پارتی کۆماری باڵادەستە بەسەر هەردوو ئەنجوومەنەکەدا، بەڵام بە جیاوازییەکی کەم:
ئەنجوومەنی نوێنەران: کۆمارییەکان 218 کورسی، دیموکراتەکان 214 کورسی و سەربەخۆکان یەک کورسییان هەیە، لەگەڵ دوو کورسیی بەتاڵ.
ئەنجوومەنی پیران: کۆمارییەکان 53 کورسی و دیموکراتەکان 45 کورسییان هەیە، هاوکات دوو ئەندامی سەربەخۆ (بێرنی ساندەرز و ئەنگوس کینگ) هەن کە هاوپەیمانن لەگەڵ دیموکراتەکان.
ئەم جیاوازییە کەمە مانای ئەوەیە کە کۆمارییەکان بە مەترسییەکی گەورەوە دەچنە نێو پرۆسەکەوە و لەدەستدانی تەنیا چەند کورسییەک، تەواوی پەیوەندیی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی سەرەوژێر دەکات.
ئەگەری شکستپێهێنانی ترەمپ لە کۆنگرێسدا
ئەگەر کۆمارییەکان زۆرینە لەدەستبدەن، ترەمپ ناتوانێت پشت بە زۆرینەی پارتەکەی ببەستێت بۆ تێپەڕاندنی خێرای یاساکان و بودجە، بەڵکو ناچار دەبێت سازش بۆ رکابەرە دیموکراتەکانی بکات و دانوستاندنیان لەگەڵدا بکات. ئەمەش توانایەکی گەورە بە دیموکراتەکان دەبەخشێت بۆ پەکخستنی پڕۆژەیاساکانی کۆشکی سپی و سەپاندنی مەرج لەسەر خەرجییەکانی ئیدارەکەی.
لە لایەکی دیکەوە، هەردوو ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی جیاوازیان هەیە؛ لە کاتێکدا ئەنجوومەنی پیران دەسەڵاتی پەسندکردنی دادوەرانی فیدراڵی و پلە باڵاکانی حکومەتی هەیە، ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەنی دەسەڵاتی تۆمەتبارکردن و لەسەرکارلادانی سەرۆکە، کە دواتر لێپرسینەوەکە لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەدەچێت و پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان دەبێت بۆ لادانی سەرۆک.
دەسەڵاتی دیموکراتەکان بۆ لێکۆڵینەوە
بەدەستهێنانەوەی زۆرینە دەرفەت بە دیموکراتەکان دەدات دەست بەسەر سەرۆکایەتیی لیژنەکانی کۆنگرێسدا بگرن، بەوەش دەتوانن زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی فەرمی لەبارەی بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ، هەنگاوەکانی بەرپرسانی باڵا و چالاکییە دارایی و بازرگانییەکانی خودی ترەمپ دەستپێبکەن.
لیژنەکانی کۆنگرێس دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە فەرمانی بانگهێشتکردنی شایەتحاڵان و دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکان دەربکەن. ئەگەر لە لێکۆڵینەوەکانیشدا بەڵگەی پێشێلکاری بدۆزرێتەوە، دەتوانن دۆسیەکان بۆ دادگاییکردن رەوانەی وەزارەتی داد بکەن، هەرچەندە وەزارەتی داد ئێستا لەلایەن تۆد بلانشەوە بەڕێوەدەبرێت کە لەلایەن ترەمپ خۆیەوە دەستنیشانکراوە، ئەمەش رەنگە رووبەڕووبوونەوەی سیاسی و یاسایی قووڵتر لە واشنتن دروستبکات.


