رووداو - دیجیتاڵ
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری سوێد، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە راسپێردرا بۆ ئەوەی هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بدات، ئەوەش دوای زیاتر لە حەوت هەفتە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستبوونی بنبەستی سیاسی لەو وڵاتەدا.
ئەندریاس نۆرلین، سەرۆکی پەرلەمانی سوێد یەک هەفتەی بە کریستەرسۆن داوە تاوەکو هەوڵی دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بدات. کریستەرسۆن لە دوای هەڵبژاردنەکەی 13ـی ئەیلوولەوە سەرۆکایەتیی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات.
لە هەڵبژاردندا، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی میانڕۆ 176 کورسی و بەرەی راستڕۆکان بە سەرۆکایەتیی کریستەرسۆن 173 کورسییان بەدەستهێنا. چوار پارتەکەی بەرەی چەپ لە چەندین هەوڵدا بۆ پێکهێنانی حکومەت شکستیانهێنا. پێشبینیش دەکرێ ئەرکی کریستەرسۆنیش بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینە زۆر سەخت بێت.
رۆژی سێشەممە 03-11-2026 کریستەرسۆن لە پەرلەمان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە ئێستاوە دەبینم کە ئەمە کارێکی سەخت دەبێت، رەنگە زۆر سەختیش بێت، بەڵام ئەستەم نییە. ژمارەکان و دابەشبوونی کورسییەکان لە پەرلەمان وەک خۆیانن و نەگۆڕاون."
پێشتر پەرلەمانتارانی سوێد لە دەنگدانێکدا ئەلیزابێس تاند رینگڤیست، سەرۆکی پارتی (ناوەند)یان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتکردەوە، دوای ئەوەی نەیتوانی هاوپەیمانییەک لەنێوان پارتە چەپ و راستەکان پێکبێنێت. جیاوازیی سیاسیی نێوان لایەنەکان رێگر بووە لە دروستکردنی زۆرینە، بەتایبەت پارتی ناوەند رەتیکردووەتەوە لەگەڵ پارتی چەپی سۆسیالیست هاوپەیمانی بکات.
ئەمە دووەم بەربژێری سەرۆکوەزیران بوو لە پەرلەمان دەنگی پێویست بەدەستنەهێنێت، دوای ئەوەی لە 15ـی تشرینی یەکەمی رابردوودا ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتیش شکستی هێنا.
بەپێی یاسای سوێد، سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت چوار بەربژێر بخاتە بەردەم دەنگدانی پەرلەمانتاران، ئەگەر هەموویان شکستیانهێنا، دەبێت هەڵبژاردنی نوێ لە وڵاتەکەدا بکرێت.
گفتوگۆ درێژخایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە سوێد پێشتریش روویانداوە، بەجۆرێک دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2018 پێکهێنانی حکومەت 134 رۆژ و لە هەڵبژاردنی 2022ـشدا 37 رۆژی خایاندبوو.

.jpeg&w=3840&q=75)

