رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی کەناڵی سی بی ئێس نیووزی ئەمریکی، بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەواوی رۆژەکەی بە چاودێریکردنی رووماڵی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس بەسەربردووە و بە "دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەوە" چاوەڕوانی ئەوە دەکات بزانێت بۆ دوو ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەی رووبەڕووی چ ژینگەیەکی سیاسی دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیووز، ترەمپ لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی و راوێژکارە باڵاکانیدا لە کۆشکی سپی کۆبووەتەوە بۆ بینینی ئەنجامەکان، بەڵام بەرپرسان ئەم دانیشتنەیان نەوەک وەک "ئاهەنگ"، بەڵکو وەک "کۆبوونەوەیەکی هێمن و ئاسایی" ناوبردووە. هاوکات کەشێکی بێدەنگ باڵی بەسەر باڵی رۆژئاوای کۆشکی سپیدا کێشاوە و کارمەندان خۆیان بۆ بێزاری و تووڕەبوونی ترەمپ لە رۆژانی داهاتوودا ئامادە دەکەن.
بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ترەمپ پێیوایە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستووەتەگەڕ، تیمەکەیشی پێیان وایە ئەگەر بەشداریکردنی بەردەوامی ترەمپ لە گردبوونەوە جەماوەرییەکاندا نەبووایە، ئەنجامەکان بۆ کۆمارییەکان "زۆر خراپتر" دەبوون.
داتاکانی نێوخۆی کۆمارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداریی لایەنگرانیان لە رۆژی هەڵبژاردندا بەهێز بووە، بەتایبەت لە فلۆریدا و ئایوا کە متمانەی تەواویان بە بردنەوەیە، بەڵام لە کێبڕکێ تووندەکانی ئەنجوومەنی پیران نیگەرانن، هەروەها ئەوەشیان قبووڵکردووە کە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەست دەدەن و بۆ دیموکراتەکان دەکەوێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی ترەمپ باسی لەوە کردووە کە دەکرا بەربژێرانی کۆماری لەم هەڵبژاردنەدا بەهێزتر بن، بە دیاریکراوی ناوی ڤیڤێک راماسوامی، بەربژێری ئۆهایۆ و دارلین گراهام، سیناتۆری کارۆلاینای باشووری هێنا.
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەگەر هەڵبژاردنەکە "پاک و بێگەرد" بێت ئەنجامەکەی قبووڵ دەکات. بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپیش جەختیان کردەوە کە ترەمپ بە هیچ شێوەیەک بیری لە راگەیاندنی باری نائاسایی نەکردووەتەوە و گوشار لە بەرپرسانی هەڵبژاردن ناکات بۆ پەسندنەکردنی ئەنجام، بەڵام وردبینی بۆ داتاکان دەکەن تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی هیچ سەرپێچییەک لە دەنگداندا رووینەداوە.



