رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، دیموکراتەکان یەکەمین کورسیی ئەنجوومەنی پیرانیان لە دەستی کۆمارییەکان دەرهێنا، ئەمەش دەستپێکێکی بەهێزە بۆ پارتەکە تاوەکو کۆنترۆڵی کۆنگرێس بکاتەوە و وەک گورزێکی بەئازار و تووند لە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەبینرێت.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رۆی کووپەر، حاکمی پێشووی دیموکراتەکان توانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور لە مایکڵ وۆتلی، بەربژێری دڵخوازی ترەمپ بباتەوە و کورسییەکی کۆمارییەکان بۆ دیموکراتەکان وەربگرێتەوە.
لە ویلایەتی جۆرجیاش، جۆن ئۆسۆف، سیناتۆری گەنج و ئەستێرەی دیاری دیموکراتەکان، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کورسییەکەی لە ئەنجوومەنی پیران پاراستو.
ئەم سەرکەوتنە سەرەتاییانە هیوای دیموکراتەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس بەهێزتر کردووە.
ئەم هەڵبژاردنە بە گشتپرسی لەسەر دوو ساڵی دەسەڵاتی ترەمپ دەبینرێ، بەتایبەت لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، ناکۆکییە بازرگانییەکان و ئەو جەنگەی دژی ئێران هەڵیگیرساندووە گەیشتوونەتە لووتکە.
حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، وڵات "لە لێواری گۆڕانکارییەکی ریشەیی و گەورەدایە لە ئاراستەی خۆی" و پێشبینی کرد پارتەکەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران وەربگرێتەوە.
بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە چاودێریی ئەنجامەکان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا لێدوانی ئاشکرای بریتی بووە لە بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا هێرشی کردووەتە سەر رووماڵی کەناڵی فۆکس نیووز.
سەرکەوتنی رۆی کووپەری تەمەن 69 ساڵ لە کارۆلاینای باکوور، ویلایەتێک کە ترەمپ لە هەر سێ هەڵمەتی سەرۆکایەتیی خۆیدا بردییەوە، دەستکەوتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیموکراتەکان بۆ شکاندنی زۆرینەی 53 بەرامبەر 47 کورسیی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران.
کووپەر کە بۆ دوو خول حاکمی ویلایەتەکە بووە و لە نزیکەی چوار دەیەی کاری سیاسیدا لە هیچ هەڵبژاردنێکدا نەدۆڕاوە، بووە یەکەم دیموکرات لە ساڵی 2008ـەوە لەم ویلایەتەوە بچێتە ئەنجوومەنی پیران.
لە جۆرجیاش، جۆن ئۆسۆفی تەمەن 39 ساڵ، بە بردنەوەی لە مایک کۆلینز، پێگەی دیموکراتەکانی بەهێز کرد، لە کاتێکدا وەک بەربژێرێکی بەهێزی سەرۆکایەتیی 2028 سەیر دەکرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران و 36 پۆستی حاکم دەکرێ. دیموکراتەکانیش پێویستیان بە زیادکردنی سێ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیرانە بۆ ئەوەی کۆنگرێس بگرنە دەست.
ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی گەورەی لەسەر ترەمپ دادەنێن، چونکە لەدەستدانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەڵات دەداتە دیموکراتەکان کە رێگری لە پڕۆژەیاساکانی بکەن و لێکۆڵینەوە لە ئیدارەکەی دەستپێبکەن سەبارەت بە جەنگی ئێران، دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران و گەندەڵی. هەروەها بردنەوەی ئەنجوومەنی پیران دەتوانێت رێگری لە دانانی دادوەران و بەرپرسانی باڵای فیدراڵی لەلایەن ترەمپەوە بکات.
ترەمپی تەمەن 80 ساڵ بەرگری لە سیاسەتەکانی خۆی کردووە و رایگەیاندووە بەهۆی پێناسە گومرگییەکان، سنووردارکردنی کۆچبەران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران وڵاتەکەی مەزن کردووەتەوە. هاوکات نیگەرانی هەیە کە لە ئەگەری دۆڕاندا، ترەمپ جارێکی دیکە ئەنجامەکان رەتبکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 کردی.



