رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دیموکراتەکان لە قۆناخی سەرەتایی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا چەند سەرکەوتنێکیان بەدەستهێناوە، بەڵام لە نێو کۆشکی سپیدا کەشێکی "پڕ لە ورە" زاڵە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر سیاسەتەکانی بەردەوام دەبێت.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "کەشی نێو کۆشکی سپی پڕە لە ورە، دۆناڵد ترەمپ بێ گوێدانە ئەوەی ئەنجامەکان چی دەبن، بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چەپڕۆوە تووندڕۆکان."
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ دیموکراتەکان و رکابەرەکانی ترەمپ هۆشداری دا و گوتی: "پشتێن ببەستن و خۆتان ئامادە بکەن."
بەپێی پێشبینیی میدیا
دیارەکانی ئەمریکا، پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا سەرکەوتنێکی
گەورەی بەدەستهێنا و کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە دەستی پارتی کۆماری دەرهێنا،
گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ترەمپ بۆ دوو ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەی دەخاتە بەردەم
رووبەڕووبوونەوە و بەربەستی تووندی سیاسی.
هەردوو کەناڵی گەورەی
سی ئێن ئێن (CNN) و ئێن بی سی نیوز (NBC News) ئەم سەرکەوتنەی دیموکراتەکانیان پشتڕاستکردەوە.
کەناڵی ئێن بی سی پێشبینی دەکات دیموکراتەکان لانیکەم 244 کورسی لە کۆی 435
کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن.
هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی بلوومبێرگی راگەیاندووە: "هەر کەسێک ئەمڕۆ دەنگی بە دیموکراتەکان دابێت، هەست بە پەشیمانی دەکات کاتێک نرخی سووتەمەنی یەکسەر لە دوای چارەسەرکردنی ململانێی ئێران دادەبەزێت
سی ئێن ئێنیش لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەنووسێت: "سەرۆک ترەمپ لە خودی زۆر لە بەربژێرەکان باشتر بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ کردن." هەروەها گوتوویەتی: "سەرۆک ترەمپ لەسەر کاخەزی دەنگدانەکە نەبوو. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دەنگدەرانی ترەمپ ئەو کات دێنە پێشەوە کە ئەو بەخۆی لەسەر کاخەزی دەنگدان بێت.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس ئاماژە بە پێشڕەوی و بردنەوەی چەندین پێگەی گرنگ لەلایەن دیموکراتەکانەوە دەکەن، ئەمەش وەک گورزێک لە ترەمپ و پارتی کۆماری هەژمار دەکرێت، بەڵام پێداگر بوون لەسەر لیستێک لە دیموکراتە لیبڕالە توندڕۆکان."



