رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ راوێژکارەکانی و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپیدا گفتوگۆی دەستپێکردووە سەبارەت بەوەی ئایا پیت هێگسەس لە پۆستی وەزیری بەرگری (پێنتاگۆن) بهێڵێتەوە یان نا؛ ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت جەنگی ئێران هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتی کۆماری بووە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا.
میدیاکانی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، ترەمپ لە کۆبوونەوە داخراوەکان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا پرسیاری لە راوێژکارەکانی کردووە دەربارەی داهاتووی هێگسەس لە پێنتاگۆن. هەندێک لە یاریدەدەرانی کۆشکی سپی پێشبینی دەکەن بەشێک لە بەرپرسیارێتیی دۆڕانی کۆمارییەکان بخرێتە ئەستۆی فەرماندە باڵا سەربازییەکان، لەوانە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم و جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەوەی دیموکراتەکان پێش هەڵبژاردنەکانیش هەوڵی لێپێچینەوەیان لەگەڵ هێگسەس دەدا، چاوەڕوان دەکرێت بە مسۆگەرکردنی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەلایەن دیموکراتەکانەوە، گوشارەکان بۆ سەری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
دیسانتس وەک جێگرەوەی هێگسەس پێشنیاز کراوە
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ناوی رۆن دیسانتس، پارێزگاری کۆماریی ویلایەتی فلۆریدا وەک بەهێزترین جێگرەوە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری پێشنیاز کراوە. بەپێی پلانەکە، رەنگە دیسانتس لە ماوەی راگوزەری کۆنگرێسدا متمانەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنێت و دوای تەواوبوونی ئەرکی پارێزگارییەکەی لە 5ی کانوونی دووەم، دەستبەکار بێت.
ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدان کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، راستەوخۆ رەخنەی لە بەڕێوەبردنی جەنگ گرت و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هۆکاری دۆڕانمان تەنیا جەنگەکە بوو."
کۆشکی سپی: ترەمپ متمانەی بە وەزیرەکەی هەیە
لە بەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، ئانا کێڵی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا لەوەی ترەمپ "متمانەی تەواوی بە وەزیر هێگسەس هەیە" و ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کرد لە ئێران و ڤەنزوێلا، هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هێگسەس کرد بۆ راماڵینی سیاسەتە لیبڕاڵییەکانی سەردەمی بایدن لەنێو سوپادا.
پیت هێگسەس، کە پێشکەشکاری پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز و ئەفسەری پێشووی پاسەوانی نیشتمانی بوو، دەستنیشانکردنی لە سەرەتای خولی دووەمی ترەمپدا مشتومڕێکی زۆری دروستکرد. رۆڵی سەرەکیی ئەو لە هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردنی هێرشە سەربازییە فراوانەکان بۆ سەر ئێران بوو؛ جەنگێک کە بەهۆی تێچووە زەبەلاحەکەی، هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی و نائارامکردنی ناوچەکە، تووڕەییەکی گەورەی لەنێو شەقامی ئەمریکیدا دروستکرد و سەرەنجام لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا بە باجی گەورەی سیاسی بۆ سەر کۆمارییەکان کۆتایی هات.



