رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە ئەو جەنگەی دژی ئێران بڕیاری لەسەر داوە بەشێکی هۆکاری شکستی گەورەی پارتی کۆماری بووە لە هەڵبژاردنەکانی نیوە خولدا؛ سەرەڕای کەوتنەژێر گوشارێکی تووندی ناوخۆیی و دەرەکی، شرۆڤەکاران جەخت دەکەنەوە کە بژاردەی باش لەبەردەم سەرۆکی ئەمریکادا نەماون.
لە دوای ئەوەی پارتی دیموکرات لە دەنگدانەکەی رۆژی سێشەممەدا کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی گرتە دەست، هێشتا روون نییە ترەمپ چ رێگەیەک دەگرێتەبەر. سەرۆکی ئەمریکا کەوتووەتە دووڕیانێک: لەلایەک خواستی کۆتاییهێنانی دیپلۆماسییانە بە جەنگی ئێران (کە نرخی بەنزینی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی بەرزکردووەتەوە) و لەلایەکی دیکەش هەڕەشەکانی بۆ "یەکلاکردنەوە و کۆتاییپێهێنان" بە دۆسیەی تاران.
سینا تووسی، لێکۆڵەری باڵا لە ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ترەمپ لە گێژاو و تەنگژەیەکی قورسدایە؛ زیادکردنی گرژییە سەربازییەکان هیچ رێگەیەکی روون بۆ سەرکەوتن پیشان نادات و مەترسیی داڕمانی زیاتری سەرۆکایەتییەکەی لێدەکەوێتەوە، لە کاتێکدا دیپلۆماسی دەکرێت دەرچەیەک بێت. لە مانگی کانوونی دووەمەوە کۆنگرێسی نوێی دیموکراتەکان دەسەڵاتی فراوانی چاودێری و بودجەی دەبێت، ئەمەش بژاردەکانی ترەمپ زیاتر بەرتەسک دەکاتەوە."
ترەمپ رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە "تا رادەیەکی زۆر راستە" کە دۆسیەی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی هۆکاری شکستی گەورەی کۆمارییەکان بووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر کات بگەڕێتەوە دواوەش "دووبارە ئەو کارە دەکاتەوە."
لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری ئەگەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هۆکاری سەرەکیی دۆڕانمان تەنیا جەنگ بوو، خودی سەرۆکیش شەوی رابردوو ئەوەی گوت."
پەیامی روونی دەنگدەران: سزادانی گرانیی ژیان
بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانی ئەمریکا گرانیی تێچووی بژێوی و جەنگی ئێرانیان بە هۆکاری دەنگدانیان داناوە. تەنانەت دەنگدەرانی نەریتیی کۆمارییەکان، وەک جووتیاران، بەهۆی گرانیی تێچووی وزەوە دووچاری بێئومێدی بوون.
چارڵز هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی سۆیا لە کارۆلینای باکوور بە فرانس پرێسی راگەیاند، دەنگدەرانی ویلایەتەکەی بە لێشاو روویان لە دیموکراتەکان کردووە و گوتی: "ئەوان دەنگیان دژی دۆخێک داوە؛ ئەگەر جووتیار بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دژی نرخی بەرزی گازی شل دەنگیان داوە."
ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، تەنگەی هورمزی (کە رێڕەوێکی ستراتیژیی وزەی جیهانە) داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.
جەیمس لیندسی، لێکۆڵەری باڵا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، شکستی کۆمارییەکان رەهەندی فراوانتری هەیە و گوتی: "ئەم تسۆنامییە شینەی دیموکراتەکان رەتکردنەوەی تەواوی کارنامەکەی ترەمپ بوو. ترەمپ لە ساڵی 2024 بە بەڵێنی هەرزانکردنی تێچووی ژیان هەڵبژێردرا، بەڵام خەڵک دەبینن ژیان لە دوو ساڵی رابردوودا گرانتر بووە و جەنگی ئێرانیش ئاگری گرانیی سووتەمەنیی خۆشتر کردووە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ زۆرجار بە جۆرێک هەڵسوکەوتی کردووە کە بێباک بووە بەرامبەر ئازار و ناڕەحەتییەکانی خەڵک."
گرژیی سەربازی و بژاردە سەختەکان
لە ناو کۆنگرێسدا، چەک شومەر، سەرکردەی باڵای دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران و حەکیم جێفریز، سەرۆکی ئەگەریی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیان بەوە کرد، "دەبێت جەنگی ئێران دەستبەجێ کۆتایی پێبێت."
لیندسی لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە هۆشداری دا کە پەنابردنی ترەمپ بۆ هێرشی نوێی سەربازی تەنانەت ئەگەر کورتخایەنیش بێت مەترسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە و رەنگە ئێران دامەزراوەکانی کەنداو بکاتە ئامانج و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە لەدەست دەربچێت. لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی گەمارۆی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارگرانییەکی قورسە بۆ سەر سوپای ئەمریکا و دانوستاندنەکانیش هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستنەهێناوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ترەمپ لە هەموو روویەکەوە لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە؛ ئەگەر تێڕوانینەکەی جەی دی ڤانس لەلای یاسادانەرانی دیکەی کۆماریش پەسند بێت، ئەوا هەر هەوڵێکی ترەمپ بۆ بەردەوامی جەنگ لە ئێران، مەترسی و لێکەوتەی سیاسیی وێرانکەری لەسەر ئایندەی خۆی و پارتەکەی دەبێت.



