رووداو دیجیتاڵ
بانکی هەرێمیی فەرەنسی بەناوی کرێدی مۆتوێل ئارکیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی ئاڵۆز بووەتەوە، کە لە رێگەیەوە مامەڵەی ساختە بە بەهای نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ (112 ملیۆن دۆلار) کراوە.
بانکەکە روونیکردەوە کە توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هێرشەکە بکات و رایگرێت؛ هاککەرەکان دزەیان کردووەتە نێو هەژماری ناوخۆی خودی بانکەکە نەک هەژماری کڕیارەکانیان، بۆیە کڕیاران و بەشداربووان هیچ زیانێکی داراییان بەرنەکەوتووە و مامەڵە داراییە ساختەکان بۆ بانکەکانی دیکە کراون.
ئارکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پارەیەی دزراوە دواتر لە پلاتفۆرمە تایبەتمەندەکاندا کراوەتە دراوی کریپتۆ (دراوی دیجیتاڵی)، بەڵام بەشێک لەو پارەیە بلۆک کراوە و هەوڵی بەردەوامیش لە ئارادایە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم پارە دزراوەکان.
دامەزراوە داراییەکە ئەگەری هەڵەی مرۆیی لە روودانی ئەم گواستنەوە داراییانەدا بە تەواوی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەمە هێرشێکی ئاڵۆز بووە لە دەرەوەی بانکەکەوە کراوەتە سەریان"، بێ ئەوەی وردەکاریی شێوازی هێرشەکە یان ئەو لایەنەی لە پشتییەوە بووە ئاشکرا بکات.
بانکەکە ئامادە نەبوو ئەو ژمارەیەی رۆژنامەی لۆ تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە پشتڕاست بکاتەوە کە زیانەکان بە 133 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت، بەڵام قەبارەی گەورەی زیانەکەی پشتڕاستکردەوە و راشیگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێرشەکە و هێشتا لەژێر هەڵسەنگاندندایە، بە جۆرێک نییە کە زیان بە دارایی و سەقامگیریی بەهێزی گرووپەکەمان بگەیەنێت." بانکەکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجێکی بە بڕی 230 ملیۆن یۆرۆ تۆمارکردووە.
پێشتر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، زاک ئێکس بی تی، کە لێکۆڵەرێکی سەربەخۆیە لە بواری شوێنپێهەڵگرتنی دارایی لەسەر تۆڕی بلۆکچەین، لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەردەی لەسەر ئەم ساختەکارییە هەڵدایەوە و ئاشکرای کرد کە پارە دزراوەکان لە رێگەی چەندین هەژماری جیاوازەوە بە نێو پلاتفۆرمەکانی ئاڵوگۆڕی کریپتۆدا تێپەڕێنراون.


.png&w=3840&q=75)
