رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، پێش دەستپێکردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراو لە نێوان بەرپرسانی کیێڤ و مۆسکۆ، گفتوگۆیەکی وردی لەگەڵ نێردەکانی واشنتن کردووە. بڕیاریشە یەکەم کۆبوونەوە رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە سەرپەرشتیی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
ئەم جموجووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا، رووسیا و ئەمریکا ئامادەکاری دەکەن لە 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە شاری ئەبووزەبی پایتەختی ئیمارات کۆببنەوە، کە ئەمەش دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر سێ وڵات لە دوای مانگی شوباتی رابردووەوە.
زیلینسکی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "کەمێک پێش ئێستا گفتوگۆیەکی زۆر وردمان بۆ ماوەی کاژێر و نیوێک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر هەبوو. پێویستە دانوستاندنەکان بە تەواوی خێراییەوە بەرەوپێش بچن بۆ ئەوەی ئەم جەنگە لە زووترین کاتدا کۆتایی پێبێت، ئۆکرایناش ئامادەیە سەرجەم هەنگاوە پێویستەکان بنێت."
لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە ئاژانسی تاسـی رووسی راگەیاندووە کە کیریل دمیتریێڤ، راوێژکاری ئابووری و یانا لانتراتۆڤا، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا، رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ مێلانیا ترەمپ کۆدەبنەوە. هاوکات دمیترۆ لوبینێتس، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکرایناش رایگەیاند کە بەرەو واشنتن بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات.
مێلانیا ترەمپ مانگی رابردوو نێوەندگیریی لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی ناوخۆییدا کرد کە رێگەی بە دانیشتووانی شارۆچکەی ئۆلێشکی دا لە بەرەکانی جەنگ دەرباز بن، بەهۆی ئەو رۆڵەشیەوە رۆژی چوارشەممە زیلینسکی مەدالیای رێزلێنانی نیشتمانیی ئۆکراینای بەخشییە خانمی یەکەمی ئەمریکا.



