رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی سوێد رۆژی هەینی رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ تۆمەتبارە بە داڕشتنی پیلانی هێرشکردن بە چەقۆ بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی بەناوی داعشەوە.
داواکاری گشتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو گەنجە پیلانی دانابوو لە نێوان 1ی ئادار تاوەکو 13ی نیسانی 2026 لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شارۆچکەی هالمستاد لە باشووری سوید "چەندین کەس بریندار بکات یان بکوژێ."
ئەو گەنجە رووبەڕووی دوو تۆمەتی سەرەکی بووەتەوە کە بریتین لە "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تێرۆریستی" و "هاندانی ئاشکرا بۆ کردەی تیرۆریستی."
تۆمەتبارەکە لە مانگی نیساندا دەستگیرکراوە، بەڵام دەسەڵاتداران تاوەکو ئێستا ناسنامە و وڵاتینامەیان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە.
هێنریک ئۆلین، جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانێت لە دادگادا بیسەلمێنێت "تۆمەتبارەکە نیەتێکی راستەوخۆی تێرۆریستیی هەبووە."
بڕیارە دادگاییکردنەکە لە 19ی تشرینی دووەم دەستپێبکات و چوار رۆژ بخایەنێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوێد (ساپۆ)، کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەسەر کەیسەکە ئەنجامداوە، دەڵێ، تۆمەتبارەکە "لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە بەردەوامی سەیری پڕوپاگەندەی ئیسلامی کردووە و بڵاویکردووەتەوە."
دەزگای ساپۆ باس لەوە دەکات، تۆمەتبارەکە "ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەیعەتدان بە داعش و داوای لە کەسانی دیکەش کردووە پەیامەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بڵاوبکەنەوە."
داعش لە ساڵی 2014ـەوە زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی لە وڵاتانی ئەورووپادا ئەنجامدا، بەرلەوەی لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە ساڵی 2019 لە سووریا لەلایەن هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە کۆتایی پێبهێندرێ.
فرێدریک هاڵسترۆم، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەزگای ساپۆ رایگەیاند، توانای رێکخراوە تێرۆریستییەکان بۆ ئاراستەکردنی هێرش لە وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و گوتی: "مەترسیی سەرەکیی هێرشەکان ئێستا لەلایەن ئەو کەسانەوە سەرچاوە دەگرێ کە بە تەنیا و بە بەکارهێنانی کەرەستەی سادەی وەک چەکی سووک و چەقۆ، دژی ئامانجە ئاسانەکان هەنگاو دەنێن."
هاڵسترۆم هۆشداری دا لەوەی کە مێرمنداڵان و گەنجان "بڕێکی زۆر لە پڕوپاگەندە و گرتەی تووندوتیژی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا دەبینن" و جەختی کردەوە کە ئەم کەیسە "نموونەیەکی روونی شێوازی هەڕەشەی تێرۆریستییە بۆ سەر سوێد و دەریدەخات کە چۆن منداڵان و گەنجان بە تایبەتی لەبەردەم مەترسیی راکێشراندان بۆ نێو ئەم بیرۆکە تووندڕۆیانە."


.jpg&w=3840&q=75)
