رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی بەلجیکا رۆژی هەینی پڕۆژە یاسایەکی پەسند کرد، کە رێگە بە هێزەکانی پۆلیس دەدات بچنە نێو ماڵی ئەو کۆچبەرە بێبەڵگانەی کە فەرمانی جێهێشتنی خاکی وڵاتەکەیان پشتگوێ خستووە.
ئەم رێکارە نوێیە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتری هاوپەیمانێتییە راستڕۆکەی بارت دی ڤێڤەر، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، بە مەبەستی سنووردارکردنی کۆچ و زیادکردنی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا رەتکراوەتەوە.
یاساکە ناڕەزایەتی و رەخنەی پارێزەر و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە و دەڵێن، رێگەدان بە پۆلیس بۆ چوونەژوورەوەی ماڵی تایبەتیی هاووڵاتییان بۆ جێبەجێکردنی یاسای کۆچ، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و یاساکانی تایبەت بە پاراستنی نهێنی و ژیانی تایبەتییە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە نزیکەی 3 هەزار کەس لە بەردەم کۆشکی دادی برۆکسل زنجیرەیەکی مرۆییان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی پڕۆژەیاساکە دروستکرد، هەروەها زیاتر لە 50 گردبوونەوە و خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەچوون.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆمیسیاری گشتی بۆ پەنابەران و کەسانی بێ وڵاتینامە لە بەلجیکا، لە سەرەتای کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئابی 2026، لە کۆی 32,942 بڕیاری یەکلاییکراوە، 9,726 بڕیاری رەتکردنەوەی مافی پەنابەری دەرکراوە؛ هاوکات لە نێو ئەو کەسانەی بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان فەرمانی بەجێهێشتنی خاکی وڵاتەکەیان پێدرابوو، لانیکەم 1,239 کەس لەو هەشت مانگەی سەرەتای ساڵی 2026دا بە زۆر لە بەلجیکا دەرکراون.
پشکنین لە 5 بۆ 9ی بەیانی دەبێت
پەرلەمانی بەلجیکا دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەن کە تەواوی شەوەکەی خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پڕۆژە یاساکەی پەسند کرد.
بەپێی یاساکە، پشکنینی ماڵ تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داواکاریی مافی پەنابەرییان لە بەلجیکا رەتکراوەتەوە، فەرمانی دەرچوونیان لە وڵات جێبەجێ نەکردووە و وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە قەڵەم دەدرێن.
هەروەها پشکنینی ماڵەکان چەند مەرجێکی بۆ دانراوە. بۆ نموونە، دەبێت سەرەتا لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە رەزامەندی لەسەر بدرێ، پشکنین تەنیا لە کاژێر 5:00ـی بەیانی بۆ 9:00ـی بەیانی دەبێ و پێویستە نوێنەری فەرمانگەی کاروباری کۆچبەرانیش لە کاتی پشکنینەکەدا ئامادە بن.
بەر لە دەنگدانەکە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لە پەرلەمانتاران کرد پرۆژەیاساکە رەتبکەنەوە و هۆشداریدا کە ئەم یاسایە دەکرێ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو هاووڵاتییانەش درووستبکات کە هاوکاریی مرۆیی پێشکێشی کۆچبەرانی بێبەڵگە دەکەن.
لە بەرامبەردا، حکومەتی بەلجیکا بەرگریی لە پڕۆژە یاساکە کرد و وەک ئامرازێکی پێویست پێناسەی کرد بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و گشتی دروستدەکەن.

.jpg&w=3840&q=75)

