رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێ، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بۆسەر ئێران بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێ لە 4 بۆ 6 هەفتەدا بگاتە ئامانجەکانی.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی هەینی، 6ـی ئادارى 2026 لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "نیوزماکس"ی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بەردەوامە و ئامانجە دیاریکراوەکانی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتیدان.
لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوەی دەتوانم پێتانی بڵێم ئەوەیە کە پێشبینی دەکەین ئەم ئۆپەراسیۆنە نزیکەی 4 بۆ 6 هەفتە بخایەنێت و ئێستا لە رێگەیەکی دروستداین بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانمان."
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئەم جەنگە ئەوەیە کە دڵنیابنەوە ئێران "بۆ هەمیشە" نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لیڤیت گوتی: "کاتێک ترهمپ وەک فەرماندەی گشتی بڕیار دەدات کە ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا بەدیهاتوون، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین ئێران بەکردەیی لە دۆخی خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجدایە، چ خۆیان بڵێن یان نا."
لیڤیت هەروەها گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتووە، ئەمەش وایکردووە کەسێک نەمێنێتەوە تاوەکو بە ناوی دەوڵەتەوە قسە بکات.
لە بارەی داهاتووی سیاسیی ئێرانەوە، لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە دەسەڵاتێكی رادیکاڵ کە درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەڵێتەوە، لە دەسەڵات نەبێت.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "سەرۆک ترهمپ نایەوێ ئەو دیمەنانە ببینێتەوە؛ ئەو دەیەوێت رۆڵی هەبێت لەوەی کێ دەبێتە سەرکردەی داهاتووی ئێران و ئێستا خەریکی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەو بابەتەیە."
بەرپرسانی پێنتاگۆن باس لەوە دەکەن کە توانای وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران بە رێژەی 90% پاشەکشەی کردووە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانیی تەواوەتییان بەسەر خاکی ئێراندا هەیە.


