رووداو - هەولێر
فەرمانڕەوای دوبەی و جێگری سەرۆکوەزیرانی میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو لە کتێبێکدا چیرۆکی 50 ساڵەی ژیانی دەگێڕێتەوە و دەست لەسەر چەندین پرس و بابەتی ناوچەکە دادەنێت.
محەممەد راشد ئالمەکتوم لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەڵێت، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو شەقام و گەڕەکەکانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان سەرنجی راکێشا و هیوای خواستووە رۆژێک لە رۆژان دوبەی وەکو بەیرووتی لێبێت.
ئەو لەگەڵ ئەوەی بەداخە بۆ رەوشی لوبنان و دەڵێت، دابەشکراوە بۆ چەندین بەرەی جیاواز.
دەشڵێت، دوو وێستگەی رەوشی لوبنان کاریگەری لەسەری هەبووە، یەکەمیان دوای 13ـی نیسانی ساڵی 1975 کاتێک یەکەم فیشەک بۆ راگەیاندنی جەنگی ناوخۆ لە وڵاتەکە تەقێندرا، هەروەها ساڵی 1982 کاتێک لوبنان بووە مەیدانی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.
لەو جەنگە کە ئالمەکتوم باسی دەکات، 150 هەزار کەس کوژران و 300 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، ئابووری لوبنان بە بەهای 25 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوت.
وەکو خۆی دەڵێت، هەوڵی زۆری داوە بۆ ئاشتی لە لوبنان، بەڵام تاوەکو ئێستا لوبنان بووەتە کارت بەدەست هەندێک کەس، کە هەوڵدەدەن یاری بە رەوشی ئەو وڵاتەوە بکەن.
ئەو لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا باس لە شەڕی عێراق و ئێران دەکات و دەڵێت "عێراقیش بەهۆی کاریگەری شەڕ زیانی گەورەی بەرکەوتووە".
ئالمەکتوم لەبارەی سووریا دەڵێت، ئەوکاتەی بەشار ئەسەد بووە سەرۆکی سووریا، هاتە دوبەی و یەکترمان بینی و لەبارەی تەکنەلۆژیا و داهاتوو و گەشەپێدانی وڵات قسەمان کرد، ئەسەد هیوا و خواستی زۆری هەبوو دەستی بە چاکسازی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەی، بەڵام دوای چەند ساڵێک بینیمان وڵاتەکەی بەرە بەرە نقووم دەبێت و دەڕوخێت، کە بۆ هەزار ساڵی دیکەش مێژووی خوێناوی نووسییەوە.
ئالمەکتوم لە درێژەی نووسینەکانی باس لە لیبیا دەکات و دەڵێت، کە موعەممەر قەزافی پەیوەندی پێوەکردووە و پرسیاری ئەوەی لێکردووە کە چۆن دەتوانێت لیبیا بکات بە دوبەی و ببێتە پایتەختی ئابووری بۆ ئەفریقا، بەڵام ئەوەی کە دەبینرا ئەوەبوو کە قەزافی هەوڵی نەداوە بۆ گۆڕانکاری بەڵکو حەزی لەوە بووە گۆڕانکاری بکات، ئەمەش پێویستی بە کردار هەیە نەوەک تەنیا قسەکردن.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن



