رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لە رۆژئاوای بەغداوە چەند مووشەکێک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کراون، بەڵام لە ناوچەی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە مووشەکەکانی لێوە هاوێژراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "کاژێر 20:20ی ئەمشەو، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا لە قەزای ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغداوە چەند مووشەکێک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا هاوێژران."
بەپێی راگەیێندراوەکە، مووشەکەکان لە ناوچەی چۆڵ و دوور لە فڕۆکەخانە کەوتوونەتە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە "هیچ زیانێکی گیانی و مادییان لێنەکەوتووەتەوە."
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکان لە "ئۆپەراسیۆنێکی خێرا"دا توانیویانە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگرن کە هێشتا چەند مووشەکێکی تێدا مابوو، پێش ئەوەی بتەقێندرێن، دواتریش لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە مووشەکەکان پووچەڵکرانەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و زانیارییە وردەکان لە کاتێکی دیکەدا بڵاودەکەنەوە.




