هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان و شەڕڤانەكانی پەكەكە لە كۆبانی، هەروەها لە چیای شنگال و بەدرێژایی ئەم ماوەیەش كە لەگەڵ داعش لە شەڕداین لەهەندێ بەرەی دیكەی وەك مەخموور و جەلەولا دژ بە هێزەكانی خەلیفەی داعش، سەرەڕای دنیایەك جیاوازی و ناكۆكی و بەدگومانی، چوونە یەك سەنگەرەوە. واتە ئەوەی ئەم دوو هێزەی كۆكردەوە دوژمنێكی هاوبەشە. دیوە سیمبولیكی و عاتیفیەكەی ئەم هاوسەنگەرییە زۆر رۆمانسی و هەستبزوێنە لەگەڵ ئەوەی یەكەمجار نییە كوردی دوو پارچە یان زیاتر لە شەڕی دوژمنێكدا دەبنە هاوسەنگەر.
ئەوەی ئەم دوو هێزەی كۆكردەوە دوژمنێكی هاوبەشە
ئەگەر تەنیا لەم دیوەوە تەماشای بكەی، شایانی ئەوەیە شیعرێكی زۆری بەباڵادا بگوترێ. بەڵام مرۆڤی ژیر تەنیا ئەم دیوە نابینێ و زۆر لەناو ئەم رۆمانسیەت و خۆشبینییە رۆناچێ. هەموومان سەروسیمای عاقیبەتی ئەم هاوسەنگەرییەمان لە شنگال بینی. وەكو دیارە مەسەلەكە تەنیا لە سنووری هاوكارییەكی سەربازیدا لەدژی دوژمنێكی هاوبەش ناوەستێ و پەكەكە لەپای ئەو بەشدارییەی چاوی بڕیوەتە ناوچەی نفوز.
خەڵكی عەوام مافی خۆیەتی بە خەیاڵی شاعیرانەی یەكپارچەیی كوردستان و هاوچارەنووسیی كورد سەرمەست بێ، بەڵام سیاسەت پیاوی واقیعبینی دەوێ. كەسێكی دەوێ هەموو رەهەندەكانی وێنەكە روون و بێ رتووش ببینێ. مەسەلەكە ئاوا نییە كە هەموومان پێكەوە بەرەوڕووی دوژمنێك دەبینەوە و پاش ئەوەی بەزاندمان ئینجا كۆدەبینەوە و سنوورەكان دەسڕینەوە و دەوڵەتێكی گەورە لە كەنداوی فارسەوە تا سەر دەریای سپی چێدەكەین و بێ قڕەو بڕە سەرۆكێك بۆخۆمان هەڵدەبژێرین. هیچ كەسێك باوەڕی بەم خەیاڵپڵاوییە نییە لە كردەوەدا.
من پێشتریش لە وتارێكدا باسی ئەوەم كردبوو كە دەبێ هەر پارچەیەكی كوردستان رێگەی چارەسەری كێشەی خۆی بەتەنیا و بێ دەستێوەردانی كوردی پارچەیەكی دیكە، بەگوێرەی هەلومەرجی سیاسی نێوخۆیی و ئیقلیمی تایبەت بەو وڵاتەی خەباتی تێدا دەكات بدۆزێتەوە. ئەم پارچانەی كوردستان تازە بۆ هەتا هەتایە بەتەنیشت یەكەوە دەژین نەك پێكەوە.
پەكەكە لەپای ئەو بەشدارییەی چاوی بڕیوەتە ناوچەی نفوز
ئەگەر ئەو هەلومەرجە بڕەخسێ كە كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتیش، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە خاوەنی چەند دەوڵەتێك. كوردستان هەرگیز بەم نەخشە خەیاڵییەی لە كەنداوی فارسەوە تا دەریای سپی درێژدەبێتەوە دەوڵەت نەبووە تا هەوڵی یەكخستنەوەی بدەین. ئەم مێژووە درێژە لە دابڕانی ئەم پارچانە لەیەكدی، دنیایەك جیاوازیی دروستكردووە كە هیچ هێزێك نییە بیخاتەوە نێو یەك چوارچێوەی سیاسی. ئێمە لەمێژوودا، جگە لە یەكگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا، كام نموونەی سەركەوتووی یەكگرتنەوەمان هەیە؟ ئەوەتا سەرئەنجامی یەكگرتنەوەی هەردوو یەمەن تەماشا بكەن.
هەموومان دەزانین یەكگرتنی میسر و سووریا چۆن شكستی خوارد. خۆ ئەگەر یەكگرتن ئاوا ئاسان بایە، ئەوە 22 دەوڵەتی عەرەبی با بەو هەموو خاڵە هاوبەشانەیانەوە یەكبگرنەوە. با هەردوو كۆریا هێڵی ئاگربڕی نێوانیان هەڵگرن كە جەنگی سێ ساڵەی سەرەتای پەنجاكان كێشای. هەموومان ئەم راستیانە دەزانین، بەڵام لە كردەوەدا هەندێ حیزبی سیاسی پێچەوانەی ئەم فاكتانە رەفتار دەكەن و نوخبەی كوردیش ناوێرێ راشكاوانە بڵێ كە ئەم رەفتارانە دەچنە چوارچێوەی دەستێوەردان لەكاروباری پارچەیەكی دیكە. ئەم نوخبەیە هێشتا مەستی دروشمەكانی یەك نەتەوە و یەك نیشتمانە هاوشێوەی ئەو رەوتە ناسیۆنالیستییە عەرەبییەی هێشتا هەر بەو خەیاڵە دەژی سنووری نێوان دەوڵەتەكانی بسڕێتەوە لەكاتێكدا تادێ تۆختر و تۆختر دەبنەوە.
ئێستا ئەحزابی سیاسی لە كوردستان، بەتایبەتی پارتی و پەكەكە هیچ رێگایەكیان لەبەردەم نییە جگە لە خۆساغكردنەوە لەسەر ئامانجێكی روون و ئاشكرا. پارتی بە هەڕەشە ناوبەناوەكانی جیابوونەوە لە بەغدا ئەگەر بەتەمایە ئەم چوار پارچەیە یەكبخاتەوە، ئەوا با لەئێستاوە بزانێ دوای كڵاوی بابردوو كەوتووە. ئەگەر ئەو خەیاڵەشی نییە دەبێ روونیبكاتەوە كە مەبەستی چییە لە پەلهاویشتن بۆ كوردستانی باكوور و رۆژاڤا. پەكەكەش كە بۆ كوردی باكوور شتێكی زۆر كەمتر لە ئۆتۆنۆمی دەخوازێ و ناوی لێناوە "خۆسەری دیموكراتیك"، ئەو تەراتێنەی لەچییە لە هەرچوار پارچەكەدا؟
دەبێ هەر پارچەیەكی كوردستان رێگەی چارەسەری كێشەی خۆی بەتەنیا بدۆزێتەوە
ئەوان كە تەنیا هەندێ دەسەڵاتی فراوانتریان دەوێ بۆ شارەوانییەكانی باكوور، بەگوێرەی كام لۆژیك بۆ كوردی پارچەكانی دیكەی دیاری دەكەن كە داوای چی بكەن؟ حەقە پرسیاریان لێبكرێ، ئەوان كە دەستبەرداری بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی گەورەی كوردی بوون، بۆچی مۆدێلی چارەسەری كێشەی خۆیان دەسەپێننە سەر كوردی بەشەكانی دیكە لەكاتێكدا مەحاڵە دوو پارچەی كوردستان بتوانن بەهەمان رێگادا بڕۆن بۆئەوەی بگەنە جۆرێك لە سەربەخۆیی. ئەم پاوانخوازی و فراوانخوازییە كە بناغەكەی بۆشە، ئێستا بووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەقینە لەسەر كورد، بەتایبەتی لە رۆژاڤا و لە هەرێمی كوردستان. پەكەكە لە كاتێكدا ئەم یارییە دەكات كە هێشتا ناوی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندایە. ئەم یارییە لەگەڵ لایەنێك دەكات كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك كاراترین و كاریگەرترین لایەنی شەڕی دژی تیرۆر تەماشای دەكەن.
من لێرەدا بەبیری دێنمەوە كە پارتی و پەكەكە لە دوو پێگەی جیاوازدان. پارتی لایەنە سەرەكییەكەی حوكمڕانییە لە هەرێمی كوردستان كە چوارچێوەیەكی دەستووریی دانپێدانراوی هەیە و ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای بیانی و كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان بەرژوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ گرێداوە. PDKی باكوور تا 50 ساڵی دیكەش هەر هێندەی ئەو پەچەدەكەیە سەنگ و قورسایی دەبێت كە پەكەكە لە هەرێمی كوردستان چاندوویەتی، بۆیە باشتر وایە چیدی وزەی تێدا بەفیڕۆ نەدا و بەوەش بیانووەكانی دەستێوەردانی پەكەكە لە كاروباری هەرێمی كوردستان هەر هیچ نەبێ، هەندێ كەم بكاتەوە. هەردوولاش لێگەڕێن كوردی رۆژاڤا رێی چارەسەری تایبەت بەخۆیان ببیننەوە. ئەو هێزی پێشمەرگەیەش كە رەوانەی كۆبانی كراوە، لەگەڵ دووركەوتنەوەی مەترسی لەسەر شارەكە دەستبەجێ لەوێ بكێشرێنەوە.
پەكەكە، كە بۆ باكوور شتێكی زۆر كەمتر لە ئۆتۆنۆمی دەخوازێ، ئەو تەراتێنەی لەچییە لە هەرچوار پارچەكەدا؟
كاتی ئەوەیە كوردی هەر چوار پارچە كۆببنەوەو پەیماننامەیەك مۆربكەن لەبارەی تەحریمی دەستێوەردان لەكاروباری یەكتر.


