رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە بەرگریکردن بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی پووچەڵ دەکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل ناچارن یاسا نوێیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا قبووڵ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان، لەوانەش ئەمریکا لە ناوچەکە و لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکات.
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: "بەرگری تاوەکو لەنێوبردنی تەواوەتی پیلانەکانی ستەمکاران، دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە رۆژئاوای ئاسیا و ئازادکردنی قودسی پیرۆز لە رێگەی لەنێوبردنی رژێمی زایۆنییەوە بە بەهێزی بەردەوام دەبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووژمن ناچارە ئەو یاسا نوێیانە قبووڵ بکات کە گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گۆڕەپانەکەدا سەپاندوویانن، بەتایبەت لە بواری بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز."
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئێرانییەکان هەرگیز لە بەرامبەر قسەی بێ بنەما و دەستکەوتە درۆینەکانی دووژمن خۆیان بەدەستەوە نادەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لە گردبوونەوە جەماوەرییەکانی لایەنگرانی حکومەتی ئێران لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا کراوە و دەڵێت: "ئامادەبوونی خەڵک لە شەقامەکان، پاڵپشتییە بۆ مەیدانی جەنگ و سەنگەری دیپلۆماسی، هەروەها فاکتەرێکی پێویست و سەرەکییە بۆ بەدیهاتنی سەرکەوتنی تەواو و کۆتایی."
چەند رۆژێكە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر بوون و پێیان ناوەتە قۆناخێکی دیکە. سوپای پاسداران ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، رادارێکیان لە دوورگەی قیشم و کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرشیان کراوەتەسەر و لە وەڵامدا ئەوانیش چەند ناوەندێکی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو کردوەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا "وێستگەیەکی کۆنترۆڵی سەربازیی زەوینی"یان لە دوورگەی قیشمی ئێران کردووەتە ئامانج.
ئەو دوورگەیە دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیژی لە تەنگەی هورمز، کە لە کۆتایی مانگی شوبات و لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەلایەن تارانەوە بەڕووی هاتووچۆی بازرگانیدا داخرا.



