رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕیی خانمان و منداڵبوون باسی نەخۆشێکی دەکات کە تووشی خوێنبەربوونی هەناویی تووند بووە و نزیکەی لیترێک خوێنیان لەنێو سکی دەرهێنراوە، ئەو دەڵێ، ژنەکە ئازاری هەبووە، بەڵام نەهاتووەتە نەخۆشخانە و هەر لە نۆرینگەی لاکۆڵان ژیناوی ئازارشکێنی بۆ دانراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-6-2026 د. نیان سەرتیپ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید د. خالید لە کۆیە بە رووداوی راگەیاند، ئەو خانمە نەیزانیوە دووگیانە و بەهۆی ئازارەوە لەهۆشخۆی چووە، دواتر سەردانی نۆرینگەی لاکۆڵانی کردووە و چارەسەرێکی وەرگرتووە، دوای رۆژێک ئینجا سەردانی نەخۆشخانە دەکات و پشکنین دەکات.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، لە نەخۆشخانە دوای پشکنینی رێژەیی بۆ دووگیانبوون و سۆنەر بۆیان دەرکەوتووە کە دووگیانبوونی دەرەوەی منداڵدانی هەبووە و بەهۆیەوە تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووە، بەڵام پێی نەزانیوە.
نەخۆشەکە لە سییەکانی تەمەنی بووە و لە تەق تەقەوە هاتووەتە بەشی ئافرەتان و لەدایکبوونی نەخۆشخانەی شەهید د. خالد لە کۆیە، بەهۆی ئەوەی وایزانیبوو کە ئازار و خوێنبەربوونی سووڕی مانگانەی هەیە، گوێی بە نیشانەکانی نەداوە.
لە کۆتاییشدا ئەو پسپۆڕە دەڵێت، پێویستە خانمان لەکاتی بینینی هەر نیشانەکانی تووند و بێزارکەر، پشکنین بکەن و بچنە نزیکترین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی، نەک نۆرینگەی لاکۆڵان.


.png&w=3840&q=75)
