رووداو - تەندروستی
خانمێكی بەساڵاچوو، قەڵەو و هەناسەتەنگ، دوای پشکنینی گشتی، هاتبوو پشکنینەکانیم پێشانبدات، پێیان گوتبوو، پشکنینەکانی باش نین، شەکرەی سێ مانگییەکەی بەرزبوو و نزیکبوو لە 10، سەیری پیاوەکەیم کرد و گوتم؛ "شەکرەکەی زۆر بەرزە!'' پیاوەکەی گوتی "دکتۆر راست دەکەی، خۆشی ئێستا لە جاران شیرینتر و خۆشەویستترە".
پێیم گوت: شیرینیی خۆی، نیشانەی شەکرە نییە، ئەمانە نیشانەی شەکرەن؛
- زۆرمیزکردن، زۆرتینووبوون و زۆر ئاوخواردنەوە
- زۆرخۆری و کەمبوونەوەی کێش
- بێهێزی و شەکەتیی بەردەوام
- دواکەوتنی چاکبوونەوەی برینەکان و هەوکردنی زیاتر
- لە دۆخە تووندەکانیشدا تێكچوونی بینایی و سڕبوونی پێیەکان
ئێوارەیەکی ئەم بەهارە، خانمێكی تەمەن سەروو 65 ساڵان، دوای ئەنجامدانی کۆمەڵێك پشکنین بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی خۆی، لە کلینیک بە ماندوویی و هەناسەتەنگی هاتەژوورەوە، گوتی دکتۆر لە تاقیگەکە گوتیان پشکنینەکانت زۆر ناڕێكن، ئەویش بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی خۆی، سەردانمی کرد.
لە گفتوگۆی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکەیدا بووین، دەرکەوت دەمێكە شەکرە، پەستانی خوێن و چەورییەکانیشی بەرزن، دەرمانیان بۆ دانابوو، بەڵام پابەند نەبوو، گوتی:" پێشتر شەکرەکەم زۆر باشبوو کە دەرمانەکانم دەخواردن، بەڵام ئێستا هەندێكجار دەرمانەکان دەخۆم، بەڵام هەندێكجار لەبیریان دەکەم، هەندێكجار چەند رۆژێك دەرمانەکان دەبڕێن و دوادەکەوم لە کڕینەوەیان، رەنگە بۆیە شەکرەکەم زیادی کردبێت".
رێنوێنی بۆ تووشبووانی شەکرە؛
دەرمانەکانی خانمە بەساڵاچووەکەم رێكخستەوە، کۆمەڵێك رێنوێنیشم پێیدا، کە بۆ ئەم خانمە و بۆ هەموو تووشبووانی دیکەی شەکرە پێویستن:
* ژەمەکانی بە خۆراکە ریشاڵییەکان، سەوزە، پاقلەمەنی و زەڵاتە دەستپێبکات و دواتر پێکهاتەکانی دیکەی ژەمەکەی بخوات.
* بۆ سەلامەتی پێیەکانی و رێگری لە دروستبوونی برینی پێیەکان، باشترە بەبێ پێڵاو هاتووچۆ نەکات.
* رۆژانە لانیکەم 30-60 خولەک هاتووچۆی مامناوەند و خێرا بکات.
* ئاوی زۆر بخواتەوە.
* هیچ کاتێك واز لە دەرمانەکانی نەهێنێت، یان گۆڕانکاری لە کات و شێوازی خواردنیان نەکات.
* پشکنینی بەردەوامی شەکرەکەی بکات لانیکەم 3 مانگ جارێك یان بەپێی رێنمایی پزیشكەکەی.
* سێ بۆ شەش مانگ جارێك بەپێی پێویست راوێژی پزیشك وەربگرێت.
* لەژێر رێنمایی پزیشك پشکنینی چاو، پشکنینی چەورییەکان، پشکنینی گورچیلەکان و پێیەکانی بکات.
نەخۆشیەکی تاڵ و رووخسارێكی شیرین
شەکرە پێچەوانەی ناوەکەی، نەخۆشییەکی تاڵ و پەکخەری زۆربەی ئەندامەکانە، ئەوەی لە چیرۆکی ئەم دوو هاوژینە بەساڵاچووە شیرین بوو، خۆشەویستی نێوانیان بوو، کە دوای ئەو هەموو سەختییەی ژیان، بەیەکەوە دڵخۆشبوون، پیاوەکە ئێستاش هاوژینەکەی خۆی لەلا خۆشەویست و رووخساری لەلا شیرین بوو.

.png&w=3840&q=75)

