رووداو - تەندروستی
لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ، ژمارەیەک گەنج هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەیەک و داوای تەرمی کەسوکارەکانیان دەکرد، بەهۆیەوە کارمەندانی تەندروستی ناچاربوون لەژێر دەنگی تەقەدا نەخۆشەکان بگوازنەوە.
د. ڕیچارد لۆکودو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی مۆنگبوالو گوتی هێرشکارەکان داوایان دەکرد دوو تەرمی کەسوکاریان رادەست بکرێت، لۆکودو گوتیشی "نەخۆشخانەکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و تەقە لە ناوچەکەدا هەیە."
ئەمە سێیەم هێرشە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەکرێتە سەر بنکە تەندروستییەکانی تایبەت بە ئیبۆلا، کە کارمەندانی تەندروستی بە کەمیی کەرەستە و پێداویستییەوە چارەسەری تووشبووان دەکەن، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی وەک بارێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی ناساندووە.
تەرمی ئەو کەسانەی بە ئیبۆلا دەمرن، دەتوانێت بە خێرایی نەخۆشییەکە بڵاوبکاتەوە بۆیە دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ رێوشوێنی تایبەتیان بۆ بەخاکسپاردنیان گرتووەتەبەر، ئەمەش ناڕەزایەتیی خێزانەکانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی کۆنگۆ، 904 حاڵەتی گوماناویی ئیبۆلا تۆمارکراون و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 119 کەس، بەڵام ئاماری هەرێمەکان جیاوازە و کۆی گشتی بە 220 کەس نیشان دەدات.
بەرپرسانی تەندروستیی ئۆگەندا، دوو تووشبووی نوێی ڤایرۆسی ئۆبۆلایان راگەیاند و بەوەش ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە بۆ 7 کەس بەرزبووەوە.
