رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بەردەوامیدان بە جەنگی ئێران پەسندکرد، ئەمەش وەک گورزێکی سیاسیی تووند بۆ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا دێت، کە دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ تاران ئەنجامیان نەبووە.
رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر، پڕۆژەبڕیارەکەیان تێپەڕاند، کاتێک چوار ئەندامی کۆماری چوونە پاڵ دیموکراتەکان بۆ سەرکۆنەکردنی جەنگەکە. پڕۆژەیاساکە زیاتر هێماییە، چونکە سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت ڤیتۆی بکات، ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا تێپەڕێت.
پەیامی دیموکراتەکان و دۆخی دانوستاندنەکان
دیموکراتەکان لە تۆڕی ئێکس رایانگەیاند: "ئەمە پەیامێکی بەرز و روونە بۆ دۆناڵد ترەمپ لەسەر ناوی گەلی ئەمریکا: کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگە نایاسایی و بێباکانەی ئێران بهێنیت، کە خۆت هەڵتبژاردووە."
دانوستاندنەکان لە کاتێکدا وەستاون کە واشنتن و تاران پەیامی جیاواز دەنێرن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە" بەدەست نەهاتووە، بەڵام ترەمپ گەشبینیی خۆی دووبارە کردەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رەنگە لە کۆتایی هەفتەدا [ئەنجامێک] رووبدات."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، پرسی کۆگەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە چەقی گفتوگۆکاندایە. واشنتن پێداگری دەکات، دەبێت تاران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات، چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و تەنگەی هورمز بکاتەوە تاوەکو رێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکرێت.
هۆشداریدان لە دەستپێکردنەوەی جەنگ
عەباس عێراقچی هۆشداریدا، هێڵەکانی پەیوەندی هێشتا کراوەن، بەڵام هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان، دەبێتە هۆی "دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی" جەنگ. ئاژانسی تەسنیم لە زاری عێراقچییەوە بڵاویکردەوە: "پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکاندا نەپچڕاوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهاتووە. هەر هێرشێک بۆ سەر بەیروت دەرەنجامی خراپی دەبێت. هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن لە ئیسرائیل بدەن ئەگەر هێرش بکاتە سەر بەیروت."
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی "یاری بە ئاگر دەکات." نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ CNBC رایگەیاند: "ئێران بە دڵنیاییەوە دەزانێت سەرۆک چی گوتووە، کە ئەگەر پێویست بکات، گەڕانەوەیەکی تەواوەتی بۆ کردە سەربازییەکان روودەدات."
پێکدادانەکان لە کوێت و بەرەی لوبنان
ئەم گرژییانە دوای هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر تێرمیناڵی یەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت دێت کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی هیندستانی و برینداربوونی 63 کەسی دیکە. سوپای کوێت هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی تاوانکارانەی ئێران" وەسفکرد. بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران رەتیکردەوە هێرشی کردبێتە سەر فڕۆکەخانەی سڤیل و رایگەیاند، ئەوە "هەڵەی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی بووە کە نەیتوانیوە بەرپەرچی مووشەکە ئێرانییەکان بداتەوە."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)