رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بەشەناوخۆییەک لە شاری گیلگلی لە نێوەڕاستی کینیا، لانیکەم 16 قوتابی کچ گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.
جولیوس ئۆگامبا، وەزیری پەروەردەی کینیا، رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026 رایگەیاند، 79 قوتابی دیکەش بریندار بوون، رووداوەکە لە قوتابخانەی ئوتومیشی کچان روویداوە، زیاتر لە 800 قوتابی لێی دەخوێنن. ئۆگامبا گوتی: دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا رێنماییەکانی سەلامەتی لە قوتابخانەکەدا جێبەجێ کراون یاخود نا.
سەرۆکی کینیا، ویلیام روتۆ، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هیچ وشەیەک ناتوانێت ئازاری لەدەستدانی ئەو قوتابییە گەنجانە کەم بکاتەوە کە پڕ بوون لە هیوا و خەون بۆ داهاتوو. وەک نەتەوەیەک، هاوخەمی دایک و باوک و چاودێر و مامۆستا و هاوڕێیانی قوتابییەکانین."
پۆلیسی وڵاتەکە رایگەیاند، سەرپەرشتی هەوڵەکانی رزگارکردن و وەڵامدانەوەی خێرای دۆخی نائاسایی دەکات لە قوتابخانەکە، کە نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە شاری نایرۆبی پایتەختەوە دوورە.
قوتابخانەکە حکومییە و لەلایەن دەزگای پۆلیسی کینیاوە بەڕێوە دەبرێت و پاڵپشتی دەکرێت. زۆربەی قوتابییەکان کچی ئەفسەرانی پۆلیسن.
بەهۆی سەختی رووداوەکەوە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ناسنامەی قوربانییەکان دیاری بکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی و نیگەرانی بۆ هەندێک لە دایک و باوکەکان کە لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە. دەیان کەس هێشتا چاوەڕوانن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئایا منداڵەکانیان لە نێوان قوربانییەکاندانن یان نا.
ئیلیزابێس ریۆبا، دایکی دوو کچە لەو قوتابخانەیە و گوتی، دڵخۆش بووە بەوەی کچەکانی بینیوە سەلامەتن، بەڵام نیگەرانی دەربڕی چونکە یەکێک لە هاوڕێکانی کچەکەی بینیبوە کە لە پەنجەرەیەکدا گیری خواردبوو.
هێشتا هۆکاری ئاگرەکە دیاری نەکراوە. رێکخراوی مانگی سووری کینیا رایگەیاند، ژمارەیەک لە قوتابییەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەردەگرن.
گەورەترین رووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە قوتابخانە لە کینیا لە ساڵی 2001 روویدا، کاتێک 67 قوتابی لە بەشەناوخۆییەک لە پارێزگای ماچاکۆس گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2024، 21 قوتابی لە ئاگری قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی کینیا سووتان و مردن، کە ئەوکاتە حکومەت سێ ڕۆژی ماتەمینی گشتی لەسەرانسەری وڵات راگەیاند.
