رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆر نزیک بووەتەوە لە پەسندکردنی رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەڕی ئێران. بۆ ئەو مەبەستەش، رۆژی هەینی لە "ژووری قەیرانەکان" لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخست بۆ ئەوەی "بڕیاری کۆتایی" بدات. کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند، بەڵام هیچ بڕیارێک بۆ رای گشتی رانەگەیێنرا.
ئەگەر رێککەوتن بکرێ چی روودەدات؟
ئەم رێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێ، تەنیا لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییە. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە، ئاگربەستەکەی نێوان هەردوو وڵات بۆ 60 رۆژی دیکە درێژدەکرێتەوە، تاوەکو لەو ماوەیەدا هەردوولا لەسەر وردەکارییەکان و بەتایبەتی پرسی لەنێوبردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران رێکبکەون.
مەرجەکانی ترەمپ چین؟
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، بەڵام مەرجە سەرەکییەکانیشی خستەڕوو کە ئەمانەن:
1.ئەمریکا هەموو یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەکەی ئێران دەردەهێنێت و لەنێوی دەبات.
2.ئێران دەبێت دەستبەجێ تەنگەی هورمز بکاتەوە و هەموو ئەو مینانە لاببات کە لەو رێڕەوە ئاوییەدا دایناون.
3.دەبێت ئێران رازی بێت کە "هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
4.سەبارەت بە پارە سڕکراوەکانی ئێرانیش، ترەمپ گوتی: "تاوەکو ئاگادارکردنەوەی زیاتر، هیچ پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێ."
مەرجەکانی ئێران چین؟
بەرپرسێکی ئێرانی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی گوتووە، سەرکردایەتیی وڵاتەکەی متمانەی بە ترەمپ نییە، چونکە لە یەک ساڵدا کە سەرقاڵی دانوستاندن بوون، دوو جار هێرشیان کراوەتە سەر؛ جارێک لەلایەن ئیسرائیل، جارێکیش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێکەوە.
بۆیە ئێران مەرجی هەیە کە لە قۆناخی یەکەمدا، پێش ئەوەی تەنگەی هورمز بکاتەوە، دەبێت ئەمریکا ملیاران دۆلاری بلۆککراوی بۆ ئازاد بکات و گەمارۆی سەر بەندەرەکانیشی هەڵبگرێ.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری ئێران دوێنێ هەینی گوتی: "متمانەمان بە وشە و بەڵێن نییە، تەنیا کردار دەبێتە پێوەر. تا لایەنی بەرامبەر هەنگاو نەنێت، ئێمە هیچ ناکەین." هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بە دانوستاندن مافەکانیان نەدرێتێ، ئەوا بە مووشەک بەدەستی دەهێنن.
لێدوانەکان و رۆڵی نێوەندگیرەکان
•جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ: "ئێرانییەکان رێککەوتنیان دەوێ"، بەڵام هێشتا کێشە لەسەر هەندێک وشە و دەستەواژە هەیە، بەتایبەتی لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم.
•یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە، ئایا ئەم ئاگربەستە شەڕی نێوان ئیسرائیل و لوبنانیش دەگرێتەوە یان نا. بڕیارە 2 و 3ی حوزەیران بەرپرسانی سەربازیی لوبنان و ئیسرائیل لە پێنتاگۆن کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە.
•سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە گوتی، تا ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، هیچ شتێک نادەنە ئەو وڵاتە.
•بەرپرسێکی پاکستانی کە ئاگاداری دانوستاندنەکانە، بە واشنتن پۆستی گوتووە، ئەمریکا رازی بووە وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی متمانە، هەر لە سەرەتای رێککەوتنەکەدا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ.
دوایین هەڕەشەی ترەمپ
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کابینەکەی، ترەمپ ئاماژەی بە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کرد و گوتی: "پێموایە ئێران خەریکە ئەوەمان دەداتێ کە دەبێت پێمان بدات. ئەگەر وابکەن، ئەوە زۆر باشە. بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا ئەو پیاوەی لە دەستە چەپم دانیشتووە کۆتاییان پێدەهێنێت."
