رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا رێککەوتنی لەگەڵ جۆلیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکلاییدەکاتەوە و ماوەی گرێبەستەکەی دیاری دەکات.
بارسێلۆنا چاوەڕێی وەڵامێکی فەرمییە لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە سەبارەت بەو دەستەوارە 100 ملیۆن یۆرۆییەی کە بۆ کڕینی جۆلیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی تەمەن 26 ساڵ پێشکەشی کردووە. لە بەرامبەردا وەڵامی سەرەتایی رۆخی بلانکۆس تەنیا چەند تویتێکی گاڵتەجاڕانە بوو کە وێنەی یاریزانانی وەک لامین یامال، پێدری و رافینیای تێدابوو، بەشێوەیەکی تەنزئامێز ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەتوانن هەموویان پێکەوە بگوازنەوە بۆ یانەکەیان.
رادیۆی دی سپۆرتسی ئەرجەنتینی بڵاویکردەوە کە بارسێلۆنا و ئەلڤارێز پێشتر گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ گرێبەستێک کە ماوەکەی 5 ساڵ دەبێت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە رێککەوتنی نێوان هەردوو یانەکە هێشتا یەکلایینەبووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نرخی گرێبەستەکە لە نێوان 120 بۆ 125 ملیۆن یۆرۆدا بێت.
ئەلڤارێز بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە
یەکەم وەڵامی فەرمی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەڕێگەی ئێنریکی سێرێزۆی سەرۆکی یانەکە بوو، دوێنێ دووشەممە لە بۆنەیەکدا رایگەیاند "جۆلیان یاریزانی ئاتلێتیکۆیە و بۆ چەندین ساڵی داهاتووش هەر وا دەمێنێتەوە"، ئەمەش وەک پەیامێکی روون بۆ رەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە ئەستێرەی تیپەکە.
ئەلڤارێز لە کەمپی مەشقی ئەرجەنتینە
لە کاتێکدا ئەلڤارێز چاوەڕێی هەواڵەکانە سەبارەت بە داهاتووی، ئێستا لە ویلایەتی کانساس لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێش یەکەم دەرکەوتنی فەرمی، دوو یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات؛ یەکەمیان بەرامبەر هیندۆراس رۆژی هەینی داهاتوو، دووەمیشیان بەرامبەر ئایسلەندا دەبێت.



