رووداو دیجیتاڵ
ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یەکێک لەو یاریزانە دەگمەنانەی کە چانسی یاریکردنی لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێ مێسی و رۆناڵدۆ هەبووە، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا باس لە جیاوازییەکانی نێوان ئەو دوو ئەفسانەیە دەکات و هۆکاری سەرکەوتنی مێسی بەسەر رۆناڵدۆدا رووندەکاتەوە.
مێسی بەهرەیەکی سروشتیی بێوێنەی هەیە
دیماریا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ رایگەیاند "بۆ من مێسی و رۆناڵدۆ گەورەترین یاریزانی ئەم سەردەمەن، بەڵام کاتێک بەراوردیان دەکەین، مێسی لەسەرووی کریستیانۆوەیە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە مێسی خاوەنی بەهرەیەکی سروشتی و خوداییە، ئەو پێویستی بەوە نییە ماندووبوونێکی زۆر و کارکردنی بەردەوام بکات تەنیا بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی کەسێکی دیکەیان هاوسەنگی بکاتەوە".
رۆناڵدۆ؛ سیمبولی تێکۆشان و کارکردنی سەخت
دیماریا ستایشی رۆناڵدۆی کرد و گوتی "کریستیانۆ نوێنەرایەتی کارکردنی سەخت و ماندووبوونی بێپایان دەکات. ئەو هەموو رۆژێک لە هەوڵدابوو و هەموو توانایەکی خۆی بەکاردەهێنا تاوەکو هاوشانی مێسی بێت و لە زۆر کاتیشدا پێشی بکەوێت. هەر ئەم کارکردنە
بەردەوامەشی بووە هۆی ئەوەی ئەو هەموو باڵۆندۆرە بەدەستبهێنێت".
شانازییەکی گەورە بۆ دیماریا
دیماریا کە لە ریال مەدرید هاوڕێی رۆناڵدۆ و لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هاوڕێی مێسی بووە، دەڵێت "باشترین شت کە لە ژیانمدا
روویدابێت، یاریکردن بووە لەپاڵ دوو کەسدا کە بۆ ماوەی 20 ساڵ کێبڕکێیان لەسەر تەختی پاشایەتیی تۆپی پێ کردووە. من چانسی ئەوەم هەبوو ئەسیستی گۆڵ بۆ هەردووکیان بکەم، ئەوە هەستێکی بێوێنەیە".
دوایین وێستگەی مۆندیال
ئەم لێدوانانەی دیماریا لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت مۆندیالی ئەم هاوینە دوایین دەرکەوتنی ئەو دوو ئەفسانەیە بێت لەگەڵ
هەڵبژاردەکانیان. مێسی دەیەوێت وەک پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، رۆناڵدۆش خەون بەوەوە دەبینێت بە بەدەستهێنانی یەکەم مۆندیال بۆ پۆرتوگال، کۆتاییەکی ئەفسانەیی بۆ کاروانی وەرزشیی خۆی بنووسێتەوە.



