رووداو دیجیتیاڵ
بڕیار بوو سبەی دانیشتنێکی دیکەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکەی رووداوەکەی لالەزار لە دادگەی سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام پارێزەرێکی دۆسیەکە دەڵێت، دانیشتنەکە ناکرێ، چونکە سکاڵا دژی دادوەرەکە تۆمار کراوە.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دانیشتنەی بڕیاربوو سبەی بۆ دۆسیەی کاک لاهوور و هاوڕێکانی بەڕێوەبچێت ناکرێت و دوادەخرێت".
لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئەو پارێزەرە گوتی: "ئێمە وەکو تیمی پارێزەرانی دۆسیەی کاک لاهوور سکاڵامان دژی یەکێک لە دادوەرانی دۆسیەکە تۆمار کردووە، بۆیە ئەویش دۆسیەکە بەڕێوەنابات و دانیشتنەکە ناکرێت".
سەبارەت بە هۆکاری سکاڵاکە، قادر ئاغا مەنتک رایگەیاند: "سکاڵاکە بەو هۆکارە تۆمار کراوە، کە دادگەی تەمییزی هەرێمی کوردستان داوای دۆسیەی کاک لاهووری کردووە و چەند مانگێکە دادوەری دۆسیەکە ئامادە نەبووە بینێرێت".
دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکە لە دادگەی تاوانی سلێمانی 2 بۆ بەڕێوەدەچێت.
لاهوور شێخ جەنگی تاوەکو ئەمڕۆ چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر، کە یەکەم جار 12-01-2026 و دوایین جاریش 14ـی مانگی رابردوو بوو.
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)