رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گەڤەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی بەپارێزگابوونی سنوورەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی 2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی پێدا ئەو سنوورە بکاتە پارێزگا و ئێستا کاتی ئەمە هاتووە.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 24 ناوچەی گەورەی نێو پارێزگاکان کە مەرجەکانی "بەپارێزگابوون"یان تێدایە، وەک چڕیی دانیشتووان، توانای ئابووری، پێگەی جوگرافی و دووری لە ناوەندی پارێزگاکانیان، بەربژێرن بۆ بوونە پارێزگا.
8 لەو شوێنانە دەکەونە باکووری کوردستان؛ گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ، سوێرەک لە پارێزگای رووها، ئەرگانی لە پارێزگای ئامەد، جزیر لە پارێزگای شرنەخ، ئەرجیش لە پارێزگای وان، ئەلبیستان لە پارێزگای مەڕەش، کاهتا لە پارێزگای سەمسوور و میدیات لە پارێزگای مێردین.
ساڵح ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گەڤەر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، ساڵی 2017 لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ژوور و بۆرسەکانی تورکیا لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی ئەوەی پێداوە گەڤەر بکرێتە پارێزگا.
ئۆزدەمیر وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بەوکاتی بۆ رووداو نارد و دەڵێت، سەرۆککۆمار ئەوکاتە گوتی، ژێرخان و ئامادەکاری بۆ تەواو بکرێت، گەڤەر دەکەنە پارێزگا.

ئۆزدەمیر رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەو هەنگاوە هاتووە.
لەبارەی ناوەکەی لە ئەگەری بوون بە پارێزگا کە ئاخۆ یوکسەکئۆڤا دەبێت یان دەکرێتە گەڤەر، ساڵح ئۆزدەمیر ئاماژەیکرد کە گرفتی ئێستایان ناوەکە نییە و دەکرێ سەرەتا یوکسەکئۆڤا بێت و دواتر بە راوێژ گۆڕانکاری بکرێ.
دەقی پرسیار و وەڵام لەگەڵ ساڵح ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گەڤەر
رووداو: بوون بە پارێزگای 24 شوێن لە رۆژەڤە و بابەتەکە بە چڕی هەڵوەستەی لەسەر کراوە. ئایا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی یان ئامادەکارییەکی یاسایی لەو بارەیەوە لەلایەن حکومەتەوە کراوە؟
ساڵح ئۆزدەمیر: ساڵی 2017 لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ژوورەکان و بۆرسەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان بەرێوەچوو، بەشداربووم. من وەک نوێنەری شارەکانی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە ئەرزەڕۆم، مەڵەتی، مووش، خارپێت، وان، ئاگری و قەرس دەگرێتەوە، لەوێ بووم. لە بەرامبەر سەرۆککۆمار گوتارم پێشکێشکرد و گوتم؛ ئێوە خەڵکی قەرەدەنیزن و لای ئێوە بەڵێن جوامێرییە، بەڵێنی ئەوەتان دا کە یوکسەکئۆڤا (گەڤەر) ببێتە پارێزگا. گوتی باشە و بەڵێنەکەم بەڵێنە. با ژێرخان و ئامادەکاریی بۆ بکرێ، یوکسەکئۆڤا دەکەینە پارێزگا.
رووداو: پێشبینی دەکەن ئەم گۆڕانکارییە چ رۆڵێکی لە پرۆسەی گەشەپێدانی یوکسەکئۆڤا (گەڤەر) هەبێت؟
ساڵح ئۆزدەمیر: یوکسەکئۆڤا دەکەوێتە ناوەندی هەکاری، 75 کیلۆمەتر لە هەکارییەوە دوورە، 55 کیلۆمەتر لە شەمدینلی (شەمزینان) دوورە، 120 کیلۆمەتر لە دەرەجیک (رووبارۆک) دوورە. لەکاتێکدا ماوەی نێوان دەرەجیک و هەکاری 200 کیلۆمەترە. خەڵک بۆ گەیاندنی گرفتەکانیان بە دامەزراوەیەکی حکومی، لە دەرەجیکەوە 200 کیلۆمەتر رێگە دەبڕن. بەڵام ئەگەر یوکسەکئۆڤا بێتە پارێزگا، خەڵک زۆر ئاسوودەتر و باشتر کارەکانیان لە فەرمانگەی حکومی رایی دەکەن. هەربۆیە بە هەموو پێوەرێک دەبێ یوکسەکئۆڤا ببێتە پارێزگا.
رووداو: وەک دەزانرێت ناوی کۆن و رەسەنی یوکسەکئۆڤا (گەڤەر)ە، ئەگەر ببێتە پارێزگا، هەر بە ناوی یوکسەکۆڤا دەمێنێتەوە یان دەبێتە گەڤەر؟ ئایا دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە هیچ هەوڵێکیان داوە یان دەیدەن؟
ساڵح ئۆزدەمیر: لەڕاستیدا ئێمە گرفتێکمان لەگەڵ ناو نییە. کوردییەکەی یوکسەکئۆڤا (دەشتی بەرز)ــە. ئێمە لە بابەتی بەپارێزگابووندا ناومان نەکردووەتە پێشینە. دەکرێ سەرەتا یوکسەکئۆڤا بێت و دواتر راوێژی لەسەر بکرێ و بگۆڕدرێ بۆ گەڤەر. ئینجا ئامانجی سەرەکی و لەپێشینەی ئێمە جارێ بە پارێزگابوونی گەڤەرە. ئەوانی دیکە وردەکارین.
رووداو: لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا ناوی ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان گۆڕدرا و ناوە کوردییە رەسەنەکەیان بۆ گەرێندرایەوە. خەڵکی ناوچەکەش ئەمەی دەوێ.
ساڵح ئۆزدەمیر: بێگومان هەمووان ئەمەیان دەوێ، هەمووان دەیانەوێ شتەکان بە زمانی دایک ببیستن، بەڵام هەنگاوی لەپێشینەی ئێمە ناوەکە نییە. ئامانجی راستەقینەی ئێستامان ئەوەیە کە چی زووە بکرێتە پارێزگا. بابەتی ناو و وردەکارییەکانی دیکە، دەکرێ دواتر گفتوگۆی لەسەر بکرێ و گۆڕانکاریش بکرێ.
مەرج و پێوەرەکانی بوونە پارێزگا لە کۆماری تورکیادا
دامەزراوەی ئاماری تورکیا کە بە (تویک) دەناسرێ، هەشت پێوەری دەرخستووە و وەکو مەرجی بەپارێزگابوون بڵاویکردوونەتەوە.
1- ژمارەی دانیشتووان: نابێت لە 100 هەزار کەس بێت.
2- دووری: ئەو شارەی دەبێتە ناوەندی پارێزگا، دەبێت دووریی لەگەڵ ناوەند لە 30 کیلۆمەتر زیاتر بێت.
3- شارسازی: پێویستە مەرجەکانی شاری گەورەی تێدا بێت.
4- گواستنەوە و گەیاندن: پێویستە هۆکاری گواستنەوەی پێویستی لەگەڵ ناوەند هەبێت و هاتووچۆی خەڵک ئاسان بێت.
5- بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دەوروبەر، لەڕووی ئابووری و جوگرافی.
6- ئابووری: بوونی توانای بازرگانی و هەلی کاری پێویست.
7- پەروەردە: بوونی ژێرخانی بەهێزی خوێندن و پەروەردە.
8- پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کولتووری: لەڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورەوە پێشکەوتوو بێت و توانای پێشکەوتنی زیاتری هەبێت.
ئەو 24 شوێنەی لە پلانی بە پارێزگابووندان، هەشتیان لە باکووری کوردستانن و ژمارەی دانیشتووانیان بەمجۆرەیە:

گەڤەر (جۆلەمێرگ)
121،314 کەس
میدیات (مێردین)
125،791 کەس
ئەلبیستان (مەڕەش)
132،036 کەس
کاهتا (سەمسوور)
136،769 کەس
ئەرگانی (ئامەد)
141،098 کەس
جزیر (شرنەخ)
166،290 کەس
ئەرجیش (وان)
170،209 کەس
سوێرەک (رووها)
277،399 کەس




