رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتی لە چەند ناوچەیەکی عێراق بوونەتە قوربانیی سیستمێکی ئۆنلاین، ئەوەش لە رێگەی سایتێکەوە بە ناوی کۆمپانیای "ئەی سی سی ئێکس ئێن ئۆ" (https://accexno.com/).
هاونیشتمانییەکە باس لەوە دەکات، پارەی خۆی و ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی و هاووڵاتی لەو رێگەیەدا فەوتاوە و ئێستاش سەرجەم ئەپلیکەیشن و ئەکاونتەکان داخراون. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە بەڕێوەبەری پڕۆژەکە هەمان ئەو تۆمەتبارە بێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری موسڵ دەستگیرکرا.
سیستمی کارکردنی ACC
کارزان عەبدولقادر یوسف، تەمەن 39 ساڵ، فەرمانبەرێکی دانیشتووی شاری هەولێرە و دەڵێ، یەکێکە لە قوربانیانی ئەو کۆمپانیایە و چیرۆکی دۆخی خۆی بۆ رادیۆی رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "لەرێگەی چەند برادەرێکەوە باسی کارەکەم بۆ کرا. سیستمەکە بە جۆرێک بوو کە دەبووایە ئەکاونتێک لە سایتەکە دروست بکەی و لانیکەم 600 دۆلار یان 1200 دۆلاری تێبکەی."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، پێیان گوترا کە "ئەگەر ئەکاونتێکی 600 دۆلاری دروست بکەین، رۆژانە 16 دۆلار دێتە سەر ئەکاونتەکەمان. پێمان گوترا ئەگەر ئەکاونتی 1200 دۆلاری دروست بکەین، رۆژانە 38 دۆلار دێتە سەر هەژمارەکە. کارەکە بەگوێرەی ئاست و پلەبەندی (Network Marketing) بوو. رۆژانە 10 پۆستی تیکتۆک دەهاتە نێو ئەکاونتەکە. ئێمەش دەبوو لایک و فۆڵۆویان بکەین، سکرینشۆتەکەمان لۆد دەکردەوە سەر سایتەکە و لە بەرامبەر ئەمەدا پارەمان پێدەدرا."
کارزان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ خۆی ئەکاونتێکی 1200 دۆلاری و بۆ خێزانەکەیشی ئەکاونتێکی 700 دۆلاری دروست کردووە (بە گشتی 1900 دۆلار)، بەڵام تەنیا یەک هەفتە دواتر پڕۆژەکە داخرا. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "ئەوانەی زوو بەشدار بوون، پارەی خۆیان دەستکەوتەوە و قازانجیان کرد، بەڵام ئەو هەفتەیەی من بەشداریم کرد، خەڵکێکی زۆر بەهۆی هەڵپەی قازانجی زیاترەوە پارەیەکی یەکجار زۆریان تێکرد و هەمووی فەوتا."
پارەدارکردنی ئەکاونتەکان لە رێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە
بە قسەی کارزان عەبدولقادر، ناردن و راکێشانی پارە لە رێگەی سیستمی فەرمی بانکییەوە نەبووە، بەڵکو لە رێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە بووە.
کارزان عەبدولقادر دەڵێ: "پێویست بوو لە رێگەی پرۆگرامێکی جیهانییەوە بە ناوی (OKX) پارەکە ئاڵوگۆڕ بکەین. ئێمە دەچووینە نووسینگەکانی حەواڵە لە هەولێر، پارەی کاشمان دەدا و ئەوان لە رێگەی دراوی دیجیتاڵیی وەک (USDT) و تۆڕی (Polygon) پارەکەیان دەخستە سەر سیستمەکە. بۆ راکێشانی هەر بڕە پارەیەکیش کە دەهاتە سەر هەژمارەکەمان، دەبوو 5 رۆژ چاوەڕێ بکەین."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ: "ئێمە گرێبەستێکی ئۆنلاینمان بۆ 365 رۆژ کرد، لەنێو ئەکاونتەکانیشماندا دیار بوو کە چەند رۆژ لە گرێبەستەکە رۆیشتووە، بەڵام ئێستا هەرچی هەوڵ دەدەین داخڵی ئەکاونتەکانمان بین، ناتوانین؛ سەرجەم ئەپ و ئەکاونتەکان داخراون."
'مارکۆ' کێیە؟ ئایا پەیوەندی بە 'ئەبو جەننە'وە هەیە؟
سەبارەت بە ناسنامەی بەڕێوەبەرانی ئەو سایتە، هاونیشتمانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کەسێک بە شێوەی رووبەڕوو یان دەنگی ئەوانی نەبینیوە.
کارزان دەڵێ: "ئەو کەسەی بەڕێوەبەری سایتەکە بوو ناوی (مارکۆ) بوو. ئەو کەسە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەتەوە بە ناوی (BonChat) کە چاتبۆتێکی ژیریی دەستکرد بوو، قسەی لەگەڵ بەشداربووان دەکرد و تەنیا بە تێکست و نامەی نووسراو وەڵامی دەدایەوە. کەس نایانناسێت کێن و چین."
ئێستا دەنگۆی ئەوە لەنێو بەشداربوواندا بڵاوبووەتەوە کە هۆکاری داخرانی لەناکاوی سایتەکە دەستگیرکردنی سەرپەرشتیاری سەرەکیی پڕۆژەکە بێت.
لەمبارەیەوە کارزان عەبدولقادر دەڵێت: "ئێستا دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە ئەو کەسەی ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری موسڵ دەستگیرکرا بە ناوی (ئەبو جەننە) خۆی بێت کە لە ژێر ناوی (مارکۆ)دا کارەکەی کردووە. خەڵکێکی یەکجار زۆر لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان پارەیان لەدەستداوە."



