رووداو دیجیاتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ،
لە دەرچوونی قوتابیانی شەشی سەرەتایی، رێژەی دەرچوونیان بۆ یەکەم جار گەیشتووە بە
85% و یەکەمی ئاستی پارێزگاکەبوون لە دەرچووندا.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردیی لە
کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجامی تاقیکردنەوەی
قوتابیانی پۆلی شەش راگەیێندرا، رێژەی دەرچوونی قوتابیانی کورد 85%ـە و یەکەمی
ئاستی پارێزگای کەرکووکین لە دەرچووندا".
کامەران عەلی گوتی: "ساڵانی پێشوو رێژەی دەرچوونمان
60% بوو؛ هیچ کات 65%ـی تێپەڕ نەکردووە، بەڵام ئەوکاتیش هەر لە یەکەمدا بووین. خۆشبەختانە
ئەم ساڵ رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و 15% پێش خوێندنی عەرەبیی کەوتووین".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، حەوت
هەزار قوتابی خوێندنی کوردیی تاقیکردنەوەی شەشی سەرەتاییان کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد،
"ساڵانی رابردوو بە تاقیکردنەوەکانی خوولی یەکەم و دووەم رێژەی دەرچوونمان دەگەیشتە
85% نەوەکو خولی یەکەم".
کامەران عەلی گوتی: "مامۆستایانی خوێندنی
کوردی ئەم ساڵ پلانی وردیان دانا بۆ قوتابییەکان بۆ ئەوەی رێژەی دەرچوون بەرزبێتەوە،
بۆ نموونە رۆژێک پێش تاقیکردنەوە قوتابییەکانیان بانگ دەکردەوە بۆ قوتابخانە و وانەکانیان
بیردەهێنانەوە".
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک
ئاماژەی بە پلانێکی دیکە کرد کە هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی دەرچوون و گوتی:
"دوو هەفتە پێش تاقیکردنەوەکان تاقیکردنەوەی نافەرمیمان لە شێوازی پرسیارە فەرمییەکان
بۆ قوتابیان کرد، بۆئەوەی ئاشنابن بە پرسیارەکان و چۆنێتی وەڵامدانەوەیان".
بەشی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک نزیکەی 100 هەزار
قوتابیی هەیە، هەموو شایستەکانیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تەنیا تاقیکردنەوەکانیان
سەر بە حکومەتی ناوەندیی عێراقە.
