رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بە جێگیری مایەوە. وەبەرهێنەران چاودێریی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن لە کاتێکدا نیگەرانن لە زیادبوونی هەڵاوسان و چاوەڕوانی داتا ئابوورییەکانی داهاتووی ئەمریکا دەکەن.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەبێ گۆڕانکاری لە ئاستی 4485 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مایەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ بە رێژەی زیاتر لە 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 4513 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای OANDA لەو بارەیەوە رایگەیاند "بازاڕ ئێستا سەیری ئەو ئەگەرە دەکات رەنگە ئاگربەستی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا بەردەوام نەبێت، هەرچەندە ترەمپ گوشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی."
وۆنگ هەروەها دەڵێت، "ئەگەر ئاڵۆزییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر پەرەبسێنێت، دەبێتە هۆی پێچەوانەبوونی هەر بەرزبوونەیەوەک کە نرخی زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا بەدەستی هێناوە."
گرژییەکانی کەنداو ئەمڕۆ چوارشەممە سەرلەنوێ سەریان هەڵدایەوە. سوپای ئەمریکا رایگەیاند هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین، کوێت و ئامانجە ناوچەییەکانی دیکە یان پووچەڵکراونەتەوە یان شکستیان هێناوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا هیچ ئاسانکارییەکی سزاکانیان پێشکێشی ئێران نەکردووە لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی هورمز. جەختیشی کردەوە ئەو پرسە بەستراوەتەوە بەوەی تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.
هەرچەندە زێڕ بە شێوازێکی گشتی وەک سامانێک دژی هەڵئاوسان دەبینرێت، بەڵام لە ژینگەیەکدا کە سوودی بانکی بەرزە سەڕنجراکێشی خۆی لەدەست دەدات.
بێس هاماک، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی کلیڤلاند، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، رەنگە پێویست بکات بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەو زووانە رێژەی سوود بەرز بکاتەوە ئەگەر گوشارەکانی هەڵئاوسان بەردەوام روو لە زیادبوون بکەن.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە مووچەی کەرتی نانەوتیی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە، لەگەڵ راپۆرتی هەلی کار لە رۆژی هەینی. داتاکان دەتوانن کاریگەری لەسەر روانگە و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا دابنێن.



.jpg&w=3840&q=75)