رووداو دیجیتاڵ له کاتێکدا ئاگربەست لەگەڵ ئێران لەرزۆکە و پارتی کۆماری رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە بەهۆی تێچووی جەنگەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر پرۆژەیەکی نۆژەنکردنەوەی ناوخۆیی و رایگەیاند، قەبارەی حەوزی نۆژەنکراوەی (مۆنۆمێنتی لینکن) لە تەلارە بەرزەکانیش گەورەترە. رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپی تەمەن 79 ساڵ باسی لە نۆژەنکردنەوەی حەوزی (Lincoln Memorial Reflecting Pool) کرد، کە بووەتە هۆی داخستنی یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی واشنتن. ترەمپ، کە پێشتر وەبەرهێنەری خانووبەرە بووە، رەخنەی لە مێژووی حەوزەکە گرت و گوتی: "لە ساڵی 1922ـدا کرایەوە و هەمیشە ئاوی لێدەچوو." سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەو "مادە زۆر تایبەتە"ـی کرد کە بۆ نۆژەنکردنەوەی حەوزەکە بەکاردێت، کە بڕیارە پێش 4ـی تەممووز (یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا) بکرێتەوە. پڕۆژەکە پێشتر لەسەر تێچووەکەی و چۆنیەتیی بەخشینی گرێبەستەکە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. ترەمپ خشتەیەکی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو "حەوزەکەی ئێمە لە تەلارە بەرزەکان گەورەترە" و قەبارەی حەوزەکەی بەراورد کرد بە بەرزیی سێ باڵەخانەی بەناوبانگ، لەوانەش تەلاری ئیمپایەر ستەیت لە نیویۆرک. بەراوردکردنی خۆی بە مارتن لوسەر کینگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە گوتارە بەناوبانگەکەی ساڵی 1963ـی مارتن لوسەر کینگ، داکۆکیکاری گەورەی مافی مرۆڤ بە ناوی "من خەونێکم هەیە" کرد کە لەو گۆڕەپانەدا پێشکەش کرابوو، و خۆی بە کینگ بەراورد کرد. ترەمپ گوتی: "ئەوە ئەو شوێنەیە کە مارتن لوسەر کینگ گوتارە گەورەکەی تێدا پێشکەش کرد. ملیۆنێک کەس لەوێ بوون، منیش هەمان ژمارەی خەڵکم هەبوو." میدیای ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ ئاماژەی بەو گوتارەی خۆی دەکرد کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 پێشکەشی کرد، کە دواتر بووە هۆی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس. ترەمپ گلەیی لە میدیا کرد و گوتی، وێنەکان بخەرە تەنیشت یەک، ئەوان دەڵێن 25 هەزار کەس بۆمن ئامادە بوون و بۆ ئەو ملیۆنێک کەس. ترەمپ پێداگری کرد کە قەرەباڵخییەکەی ئەو زیاتر بووە.