رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکبوونەوە. پاریسییەکان بەلێدانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەیان بردەوە.
یارییەکە بۆ پاریسییەکان، ئاهەنگگێڕان بوو بەبۆنەی دووەم نازناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی یانەکەدا، لە کاتێکدا بۆ ئارسیناڵ دووەم شکست بوو لە مێژووی یانەکە، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
سانجێرمان لە دوای یارییەکە بەشەقامەکانی پاریسدا گەڕا و لەگەڵ هاندەرەکانی ئاهەنگی گێڕا. ئارسیناڵ کە بەر لە یارییەکە دەستکەوتێکی دیکەی مێژوویی بەدەستهێنابوو، نەیویست خۆی لە ئاهەنگگێڕان بێبەش بکات.
ئارسیناڵیش لەگەڵ هاندەرەکانیدا لە لەندەنی پایتەخت، ئاهەنگی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ گێڕا، پاش 22 ساڵ لە چاوەڕوانی.
خنکان و گیان لەدەستدان لە ئاهەنگەکانی پاریس
لە ئاهەنگەکانی پاریس سانجێرماندا، هاندەرێک گیانی لەدەستدا، پاشئەوەی لەخۆشیی بردنەوەی تیپەکەی خۆی فڕێدایە نێو رووباری سین، کە بەناوجەرگەی پاریسدا دەڕوات.
تەرمی هاندەرەکە کە ناسنامەیە دەستنیشاننەکراوە، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە لە نێو رووبارەکە و لە نزیک پردی لویس فیلیپ، نزیک لە کاتدرائی نۆتێردام دەرهێنرایەوە.
گیانلەدەستدانی ئەو هاندەرە، دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بوو، پاشئەوەی ئاهەنگگێڕانەکانی هاندەرانی پاریس لە شەوی بەدەستهێنانی نازناوەکەدا، بوونە پشێوی و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و دزیکردن لە چەندین دووکان و فرۆشگای شارەکە.
پۆلیس لە شەوی ئاهەنگەکەدا، 900 کەسی بەتۆمەتی جیاواز دەستگیرکرد.
میدیای فەرەنسا گوتوویانە، پۆلیس نزیکەی کاژێر 7ی بەرەبەیان، جەستەی هاندەرە نزیکەی سی ساڵانەکەیان لە رووبارەکە دەرهێناوەتەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی شکستی هێناوە.
ئەوانەی رووداوەکەیان بینیوە بە پۆلیسی فەرەنسایان گوتووە، هاندەرە بەبۆنەی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمانەوە ئاهەنگی گێڕاوە بەسەرخۆشی و بەهۆیەوە کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی فڕێداوەتە نێو رووبارەکەوە.
پۆلیس لێکۆڵینەوەی زیاتری بۆ روونبوونەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکە دەستپێکردووە.
میدیای فەرەنسا گوتوویانە، هەمان شەو، کەسێکی دیکە خۆی فڕێداوەتەوە نێو هەمان رووبارەوە، بەڵام لە خنکان رزگارکراوە، ئەگەرچی هێشتا لە نەخۆشخانەیە و دۆخی باش نییە.
پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاندووە، شەڕ و پێکدادانی نێوان هاندەرانی ئاژاوەگێڕ و پۆلیس لە چەندین شاری فەرەنسادا بەرپابوون. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەش، گەنجێکی 23 ساڵان کە ماتۆڕی لێخوڕیوە، خۆی بەقەراخی شەقامێکدا کێشاوە و گیانی لەدەستداوە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندووە کە بەهۆی پێکداهەڵپژان لەگەڵ ئاژاوەگێڕان، 178 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش برینداربوون و 890 کەسیش لەسەرانسەری وڵاتدا، بەهۆی ئاژاوەوە دەستگیرکراون.
ئاهەنگەکەی ئارسیناڵیش کێشەی زۆری تێدابوو
یانەی ئارسیناڵیش، لەسەر پشتی پاسێکی کراوەی سوور، بەشەقامەکانی لەندەندا سووڕایەوە بۆ ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ.
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاندووە کە شەش کەس لە ئاهەنگەکاندا چەقۆیان لێدراوە، هەروەها کۆمەڵێک دەستدرێژیکاری سێکسی لە کاتی ئاهەنگەکەدا، دەستگیرکراون.
سەرچاوەکان گوتوویانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس، بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کردووە.
پۆلیس دەڵێ، 24 کەسمان بەتۆمەتی جیاواز دەستگیرکردووە، لەنێویاندا دەستدرێژیی سێکسی و هەڵگرتنی هۆشبەر، هەروەها هەندێک لەوان چەقۆیان پێبووە و رێگرییان لە کاری پۆلیس کردووە.
وەک پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاندووە، پۆلیسێک لە کاتی ئاهەنگەکەدا بەچەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و یەکێکی دیکەش، بەهۆی لێدانی بەرکەوتنی زەبر بەسەری، بەهەمان شێوە برینداربووە.



