رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو لەناوبراوە و زیاتر لە 20 هەزار سەردانی مەیدانی بۆ چاودێریی بازاڕەکان کراون، لە ئەنجامدا 85 شوێن داخراون.
رۆژی پێنجشەممە، 04ـی حوزیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئاماری پێنج مانگی چالاکییەکانی چاودێریی بازرگانیی شارەکانی هەرێمی کوردستانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، زاخۆ، سۆران و گەرمیان) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەروو.
نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند، تەنیا لە مانگی پێنج دا (ئایار) کە هاوکات بووە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی قوربان، زیاتر لە 4 هەزار سەردان بۆ بازاڕەکان کراوە. لەو ماوەیەدا 13 شوێن داخراون و 236 شوێنیش سزا دراون.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "بڕی پێبژاردنی ئەو مانگە گەیشتووەتە 34 ملیۆن و 541 هەزار دینار، هەروەها زیاتر لە 33 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لەناو براوە".
لەبارەی کۆی چالاکییەکانیان تاوەکو کۆتایی مانگی پێنج، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "زیاتر لە 20 هەزار و 705 سەردانی مەیدانی کراوە و 674 سەرپێچی تۆمار کراون."
بەپێی ئامارەکان، لەو پێنج مانگەدا 85 شوێنی بازرگانی داخراون و 735 شوێنیش سزا دراون." کۆی گشتیی ئەو سزای داراییەی کە کراوە، بریتییە لە 150 ملیۆن و 163 هەزار دینار".
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، لەو ماوەیەدا بڕێکی زۆر خۆراکی ماوەبەسەرچوو و نەشیاو بۆ خواردن لە بازاڕەکاندا کۆکراونەتەوە؛ کە زیاتر لە 101 تۆن بووە و هەمووی لەناو براوە.
.png&w=3840&q=75)



.webp&w=3840&q=75)