رووداو دیجیتال
پرسی مانەوەی باسم قاسمی راهێنەر لە یانەی هەولێر، گەرمترین پرسی چەند رۆژی رابردووی شەقامی وەرزشیی پایتەختی کوردستانە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێگای رووداو سپۆرتس دڵنیایی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیمپڕاتۆر.
باسم قاسم، سەنگێکی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق و مێژووییەکی دەوڵەمەندی هەیە، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە، ئەوکاتەی ئەو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری وەرگرت تەنیا بیست رۆژ مابوو بۆ دەستپێکردنی خولەکە، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، هەولێر جارێکی دیکە بووە ژمارەیەکی قورس و پێشەنگ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و بە وەرگرتنی پلەی سێیەمی وەرزی ئەمساڵی خولەکە، درێس زەردەکان بەشداریی جامی یانەکانی کەنداو دەکەن.
هەر لە نیوەی وەرزەوە یانەی گەرمەی دەوڵەمەند داوای لە باسم قاسم کرد گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو قەرەبووی دارایی و لاپەڕەی سپی بۆ داواکارییەکانی دەخاتە پێش، بەڵام جەنەڕاڵ ئامادە نەبوو هەولێر جێبهێڵێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایهاتنی وەرزی ئەمساڵ زۆربەی یانەکانی عێراق خواستیان بوو گرێبەست لەگەڵ باسم قاسم واژۆ بکەن، بەهێزترین یانە زەورایە کە لە چەند رۆژی رابردوو هاتنە هەولێر و چەندجارێک داواکارییان پێشکەشی باسم قاسم کرد، بەڵام هێشتا راهێنەری هەولێر چاوەڕێیە و بڕیاری کۆتایی نەداوە.
یانەی هەولێر سێ مانگە نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و راهێنەرانی بدات، خەزێنەی یانەکەی بەتاڵە و بەو هۆیەش لیژنەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکان کە بریتیین لە جێماو کارەش و ئاسۆ ئەمیر ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی، نەیانتوانیوە گرێبەستی راهێنەر و یاریزانان نوێ بکەنەوە.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی چارەنووسی باسم قاسم لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "سەدا سەد باسم قاسم لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و کێشەکان چارەسەر دەبن و دەمێنێتەوە".
دوێنێ لە دوایین یەکەی راهێنانی یانەی هەولێر، سەرۆکی یانەی هەولێر هەر لەنێو چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری داوای لە باسم قاسم کردووە کە ئارام بگرێت و کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکرێت، راهێنەری هەولێر بە سەرۆکی یانەی هەولێری گوتووە، دەبێت گرێبەست لەگەڵ ئەو 10 یاریزانە نوێبکرێتەوە کە داوایکردووە و گەرەنتی نەخواردنی مافی یاریزانان و باشبوونی دۆخی دارایی یانەکە بۆ وەرزی نوێ بکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی دۆخی یانەی هەولێر روونیکردەوە "بەدڵنیاییەوە کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر دەکرێن و دۆخیان باش دەبێت".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس. باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر و یاریدەدەرەکانی لەگەڵ بەشێک لە ئەستێرە پیشەگەر و ناوخۆییەکان تەنیا بیست و چوار کاژێری داهاتوو لەسەر یانەی هەولێر دەوەستن، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆرییان گرێبەستیان لە یانەکانی دیکەی عێراق بۆ هاتووە.



