رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری پارێزگای دهۆک چووەتە قۆناخێکی پێشکەوتووەوە. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 13 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و لە مانگی حوزەیرانیش دا 5 هەزار پارچەی دیکە دابەش دەکرێن.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، دوای بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، لیژنەکانیان دەستیان بە کار کردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 13 هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزا و ناحیەکانی دهۆک دابەشکراون.
بە گوتەی دیار بەحری، ناوی نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر گەیشتوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بەڵام پڕۆسەی وردبینیکردن بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر بە هەر شێوەیەک لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو سوودمەند بوون، ناویان لە لیستەکان لادەبرێت، چونکە بڕیارەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک مژدەی بەو فەرمانبەرانە دا کە چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین و گوتی: "بڕیارە لە مانگی شەشدا و دوای پشووەکانی جەژن، 5 هەزار پارچە زەوی دیکە کە هەموو رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە، بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن."
یەکێک لە گرفتەکانی ساڵانی رابردوو، دابەشکردنی زەوی بوو پێش تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، بەڵام ئەمجارە دهۆک شێوازێکی دیکە پەیڕەو دەکات. دیار بەحری دەڵێت: "بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان و فەرمانبەران لە داهاتوودا تووشی کێشەی تاپۆ و تۆمارکردن نەبن، هیچ زەوییەک دابەش ناکەین تاوەکو بەتەواوی رێکارە یاساییەکانی تەواو نەبێت و نەخرێتە سەر میلاکاتی شارەوانی."
سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی سوودمەندبووان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک روونیکردەوە، لەو شوێنانەی ژمارەی زەوییەکان بەشی هەموو فەرمانبەران دەکات، پڕۆسەکە بە تیروپشک دەبێت. بەڵام لەو شوێنانەی ژمارەی فەرمانبەران زۆرترە لە زەوییە ئامادەکراوەکان، سیستەمی خاڵبەندی پەیڕەو دەکرێت و ئەوانەی خاڵیان زۆرترە (بەپێی ساڵانی خزمەت و باری خێزانی) لە پێشینە دەبن.
