رووداو دیجیتاڵ
دۆسێی پەنابەرانی کورد لە ئەڵمانیا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گەنجێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان، کە ماوەی 12 ساڵە لەو وڵاتە نیشتەجێیە، ئاشکرای دەکات کە فەرمانگەی کۆچبەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنابەرییەکەی دەرکردووە و تەنیا ماوەی 15 رۆژی پێداوە بۆئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات.
محەممەد ئەحمەد، تەمەن 32 ساڵانە و خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، ماوەی 12 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی. ئەو پەناخوازە لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنابەرییەکەیەوە بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، بە بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانیا، پاش گۆڕانکارییەکانی سووریا دۆخەکە گۆڕاوە، پێیانوایە مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی لێرە بمێنێتەوە و مافی پەنابەرییەکەی بەردەوام بێت.
سەبارەت بە پلانی داهاتووی، محەممەد رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی هیوای بە دادگە هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی و وەرگرتنەوەی مافەکەی، بەڵام لە دۆخی ناچاریدا بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە، "ئەگەر ناچار بین بگەڕێینەوە، دەتوانم بچمە هەولێر و لە باشووری کوردستان بژیم."
محەممەد لە ماوەی نیشتەجێبوونیدا لە ئەڵمانیا خۆی پێشخستووە و توانیویەتی بڕوانامەی خوێندن لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) و پزیشکی بەدەستبهێنێت، ئێستا وەکو شارەزایەک لە بواری تەکنەلۆژیا و ئایتی (IT) کار دەکات.
ئەو پەناخوازە گوتیشی، سەرەڕای ئاستەنگ و پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان، بە کۆششەوە بەردەوامە و جەخت دەکاتەوە، "هەنگاو بە هەنگاو ژیانی خۆم ئاوا دەکەم."



.jpg&w=3840&q=75)
