رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هەڤاڵ ئیبراهیم لە بەرنامەی دیاسپۆرا دەردەکەوێت، باس لە کێشەی رەشکردنەوەی کلیپەکەی لە یوتیوب دەکات و ئاشکرای دەکات کە هەندێک کۆمپانیا بە ژیریی دەستکرد دەنگی ئەویان دزیوە و کردوویانە بە دەنگی حەسەن زیرەک. ئاشکراشی دەکات کە تووشی شێرپەنجە بووە.
ئەم هونەرمەندە کە چەند ساڵێکە لە ئەڵمانیا دەژی، بۆ یەکەمجار باس لە دوو ساڵ ئەزموونی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن دەکات و نەخشەڕێگەی داهاتووی هونەریی خۆی و کارە نوێیەکانی دەخاتەڕوو.
هونەرمەند هەڤاڵ ئیبراهیم دوای ماوەیەکی درێژ دووری لە میدیا و دەرکەوتن، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، دەربارەی رەشکردنەوەی دوایین کلیپی لە یوتیوب رایگەیاند، ئەو گۆرانیە فۆلکلۆرە و موڵکی کەس نییە، ئەو بیانووەی ئەو کۆمپانیایە ناهەقیە بەرامبەری کراوە.
گوتیشی، چەند کۆمپانیایەک بە شێوەیەکی فێڵبازانە خۆیان کردووە بە خاوەنی ئەو گۆرانی و ئاوازە رەسەنە کوردییانە.
هەڤاڵ ئیبراهیم رایدەگەیێنێت، دەنگی ئەویان بردووە و بە ژیریی دەستکرد کردوویانەتە دەنگی حەسەن زیرەک، کۆپیڕایتیان لەسەر داناوە و خۆیان کردووەتە خاوەنی ئیشەکە، بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە گرێبەستیان لەگەڵ ماڵباتی حەسەن زیرەکدا هەیە.
ئەو هونەرمەندەی باشووری کوردستان چەند ساڵێکە لە ئەڵمانیا دەژی و دەربارەی دۆخی تەندروستیی خۆی ئەوە ئاشکرا دەکات، ماوەی دوو ساڵە تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، ئێستا تەندروستیی باشە و هێشتا چارەسەر وەردەگرێت.
هەڤاڵ ئیبراهیم گوتیشی، سوودی لە ژیریی دەستکرد وەرگرتووە بۆ پێشخستنی هونەر و کارە موزیکییەکانی، داوای لە هونەرمەندان کرد کە پێویستە شارەزاییان لە ژیریی دەستکرد هەبێت. ئەو هونەرمەندە ئەوەشی راگەیاند، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای پڵنگ کردووە بۆ دروستکردنی 10 تراکی گۆرانی و هەندێکیان دەکرێنە کلیپ و بەمنزیکانەش دوێتێک بڵاودەکاتەوە.
دەربارەی سازدانی کۆنسێرت لە کوردستان ئاشکرای کرد، هەفتانە دوو رۆژ بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە ئامادە دەبێت، ئەگەر پزیشکەکانی رێگەی پێبدەن دەگەڕێتەوە کوردستان و کۆنسێرت ساز دەکات.


.jpg&w=3840&q=75)

