رووداو دیجیتاڵ
شەقایق ئەحمەدی، چالاکڤانی بواری ژنان و مافی مرۆڤ، وەکو بەربژێری ژمارە 2 لەسەر "لیستی کوردستان/ لیستی ژمارە 22) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆچبەرانی شاری میونشن خۆی بەربژێر کردووە.
شەقایق ئەحمەدی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری فیزیا لە زانکۆی میونشن.
شەقایق بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، 25 هەزار کورد لە میونشن دەژین و گرنگە نوێنەری خۆیان لەو شارەدا هەبێت. "لیستی کوردستان" جاری یەکەم نییە و لە نەوەدەکانەوە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆچبەرانی شاری میونشنی ئەڵمانیا دەکات، کۆکراوەی ئەو رێکخراوە کوردییانەیە کە لەو شارە کار دەکەن.
ئامانجی سەرەکی لە خۆبەربژێرکردنی ئەو خانمە کوردە لەم هەڵبژاردنەدا، نوێنەرایەتیکردنی داواکاری و مافەکانی کورد بەگشتی و ژنانی کوردە بەتایبەتی لە شارەوانیی میونشن.
بەربژێرانی "لیستی کوردستان" داوا لە کوردستانییانی نیشتەجێی میونشن دەکەن، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە 22 بدەن، بۆئەوەی دەنگ و داواکارییەکانیان بگاتە ناوەندەکانی بڕیاردان لە شارەکەدا.




